وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی سزا توندەکانی سەر کۆریای باکوور بەردەوام دەبن تاوەکو بەتەواوەتی دەستبەرداری چەکە ناوەکییەکەی دەبێت.
جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد دوای کۆبوونەوەکەیان لە سینگافور و تیایدا جەخت لە پابەندبوونی کۆریای باکوور دەکاتەوە بۆ کارکردن بەرەو نەهێشتنی تەواوەتی چەکی ناوەکیی لە نیچە دوورگەی کۆریادا. هەروەها لەبەرامبەردا ئەمەریکا واز لە مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی لەگەڵ کۆریای باشووردا دەهێنێت و گرەنتی ئاسایش دەداتە پیۆنگیانگ.
پەمپیۆ دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور و وەزیری دەرەوەی ژاپۆن لە سیئۆل وتی " سەرۆک ترامپ زۆر ڕوون بووە سەبارەت بە نەهێشتنی چەکی ناوەکیی و لابردنی سزاکان."
وتیشی " چەکی ناوەکیی بەتەواوەتی ناهێڵرێت، لەو کاتەدا کەمکردنەوەی سزاکان دەبێت."
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کۆریای باکوور وتیان سەرۆک ترامپ و کیم بنەمای جووڵەی هەنگاو بە هەنگاو و بە هەماهەنگی دەزانن، بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و نەهێشتنی چەکی ناوەکی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز