Accessibility links

پەمپیۆ چاوی بە پاشای سعودیە دەکەوێت


ئەمەریکا ڕایگەیاند شازادەی جێگرەوەی سعودیە ڕازیبووە لەسەر پێویستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لە دیارنەمانی جەمال خاشقچی، ئەمەش دوای ئەوەی هەواڵی ئەوە هات کە سعودیە فەرمانی بە کوشتنی داوە.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆی نارد بۆ ڕیاز لە نێوەندی گرژییەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا.

پەمپیۆ لەگەڵ پاشای سعودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز و شازادەی جێگرەوەی سعودیەدا کۆبۆوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی دیارنەمانی جەمال خاشقچی کە بووە هۆی توڕەبوونێکی نێودەوڵەتی و دووبارە تیشکی خستەوە سەر تۆماری سعودیە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا.

لە واشنتن، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێثەر ناورێت وتی پەمپیۆ و شازادە محەمەد " ڕێکەوتوون لەسەر گرنگی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی تەواو و شەفاف لە کاتێکی گونجاودا."

وتیشی " وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووبارە جەختی لە نیگەرانی سەرۆک کردۆتەوە سەبارەت بە دیارنەمانی جەمال خاشقچی و حەز دەکات بزانێت چی ڕوویداوە."

واپێشبینی دەکرێت پەمپیۆ دوای سەردانەکەی بۆ سعودیە سەردانی تورکیا بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG