Accessibility links

پەمپیۆ: کۆبوونەوەکەم لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکووردا باش بوو


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ

ئۆفیسی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور ڕایگەیاند ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئونو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ ڕێکەتوون لەسەر ڕێکخستنی کۆبوونەوەی دووەمی نێوان سەرۆک دانۆڵد ترامپ و کیم جۆن ئون، هەروەها باسیان لەوە کردووە ئەمەریکا بتوانێت چاودێری ئەو هەنگاوانە بکات کە پیۆنگیانگ دەینێت بە ئاڕاستەی داماڵینی چەکی ناوەکی.

پەمپیۆ وتی چوارەمین سەردانی بۆ پیۆنگیانگ هەنگاوێکی ترە بەرەو پێشەوە بە ئاڕاستەی داماڵینی چەکی ناوەکیی، وتیشی گفتوگۆیەکی باش و بنیادنەرانەی ئەنجامداوە لەگەڵ کیم جۆنگ ئوندا بەڵام پێویستییەک هەیە بۆ هەوڵدانی زیاتر.

سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین لە سیئۆل لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆدا کۆبۆوە، ئەمەش دوای ئەوەی پەمپیۆ بۆ ماوەی زیاتر لە سێ کاتژمێر لەگەڵ کیم جۆنگ ئوندا کۆبۆوە بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ تایبەتییەکانی چەکی ناوەکیی.

پەمپیۆ ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ کیمدا باسیان لەو هەنگاوانە کردووە کە کۆریای باکوور دەیگرێتەبەر بۆ داماڵینی چەکی ناوەکیی و بابەتەکانی چاودێریی ئەمەریکا لەو هەنگاوانە، کە ئەمەریکا پێی وایە زۆر پێویستە چاودێری ئەو هەنگاوانە بکرێت.

سکرتێری ڕۆژنامەوانی سەرۆکی کۆریای باشوور یون یۆنگ چان لە بەیاننامەیەکدا وتی " وەزیر پەمپیۆ وتی سەرۆک کیم ڕێکەوتووە لەسەر ئەوەی بەزووترین کات کۆبوونەوەی دووەم ساز بکرێت لە کۆریای باکوور و ئەمەریکادا."

پەمپیۆ بە سەرۆکی کۆریای باشووری وت " وەکو سەرۆک ترامپ وتی، زۆر ڕێوشوێن ماوە کە دەبێت بیگرینە بەر، ئەمڕۆ ڕێوشوێنێکمان گرتە بەر، هەنگاوێک بوو بەرەو پێشەوە، پێم وایە ئەنجامێکی باشە بۆ هەموومان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG