Accessibility links

پەمپێیۆ هەڕەشەی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بەسەر ئێراندا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێۆ هەڕەشەی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ سەر ئێران، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر هاتوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشنیارەکەی ئەمەریکا بۆ درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی چەک لەسەر ئێران پەسەند نەکەن، کە لەمانگی 10ی ئەم ساڵدا ماوەکەی بەسەردەچێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە وتی ئەگەر قەدەغەکردنی چەک لەسەر ئێران درێژنەکرێتەوە " ئەوا تاران لەتوانایدا دەبێت سیستمی چەکی پێشکەوتوو بکڕێت و بازرگانی بە چەکەوە بکات بۆ تیرۆریستان و ڕژێمە چەوسێنەرەوەکان لە سەرتاسەری جیهاندا. ئەمە جێی قبوڵکردن نیە."

هەریەک لە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران برایان هوک و نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کێڵی کرافت پێشنیارێکیان پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە سەبارەت بە درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی چەک لەسەر ئێران، بەڵام هەریەک لە چین و ڕوسیا پێشتر دژایەتی خۆیان بۆ پێشنیارەکە دەربڕیوە و دەتوانن لە ئەنجومەنی ئاسایشدا مافی ڤیتۆ دژی بڕیارەکە بەکاربهێنن.

پەمپێیۆ وتیشی " ئێران سپۆنسەری تیرۆرە و ئەمەریکا دەیەوێت لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشدا کاربکات تاوەکو بڕیارەکە پەسەند بکرێت."

ئەوەشی خستەڕوو " بەڵام لە حاڵەتێکدا ئەگەر پەسەند نەکرێت، ئەوا دەمەوێت بەبیری جیهانی بهێنمەوە کە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی باراک ئۆباما ڕوون و ئاشکرا وتوویانە ئەمەریکا توانایەکی یەکلایەنانەی هەیە بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا."

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG