Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: چیتر ئۆتۆنۆمی لە هۆنگ کۆنگدا نەماوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت چیتر هۆنگ کۆنگ ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی نیـیە و نابێت ئەمەریکا بەپـێی یاسای تایبەت وەک ڕابردوو مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

مایک پەمپـێیۆ ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا گوتی بەوەی ئێستا لە هۆنگ کۆنگ ڕوودەدات، هیچ کەسێکی ژیر نیـیە ئەمڕۆ بڵێت ئەو ناوچەیە ئۆتۆنۆمیـیەکی تەواوی لە چین هەیە.

هەروەها لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" ئەمڕۆ بۆ کۆنگرێسم ڕاگەیاند هۆنگ کۆنگ چیتر لە چین خودموختاری نیـیە، بەپـێی ئەوەی لەوێ ڕوودەدات. ویلایەتە یەکگرتووەکان لەپاڵ خەڵکی هۆنگ کۆنگدا دەبێت."

ئەمەریکا هەتا ئێستا بەپـێی یاسای تایبەت مامەڵەی لەگەڵ هۆنگ کۆنگدا کردووە، وەک پـێش ساڵی 1997 کە ئەو ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بوو.

کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە گوتی ڕەنگە هۆنگ کۆنگ ئەو پـێگەیەی لەدەستبدات کە وەک ناوەندێکی دارایی جیهانە، ئەگەر بێت و بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی تەواوی چینەوە.

چین هەوڵ دەدات ئەو نیمچە سەربەخۆیـیەی هۆنگ کۆنگ هەیەتی وردە وردە کەمی بکاتەوە.

XS
SM
MD
LG