Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: سێ وڵات دەکرێت بکرێنە نمونە بۆ بنبڕکردنی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت دەکرێت هەرسێ وڵاتی ئەفغانستان و پاکستان و نەیجیریا بکرێنە نمونە بۆ بنبڕکردنی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان، ئەمەش بەهۆی لە ئەمساڵدا بەرەوپـێشچوونی گەورەیان تۆمارکردووە.

پـێش 30 ساڵ لەمەوبەر کە هێشتا ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتیـیە دەستی بە هەڵمەتی نەهێشتنی ئەم نەخۆشیـیە نەکردبوو، هەموو ساڵێک نزیکەی نیو ملیۆن منداڵ تووشی ئیفلیجی دەبوون، بەڵام ئێستا بە ڕێژەی 99% ئەم نەخۆشیـیە کەمی کردووە.

لە ڕاگەیاندنێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا هاتووە کەمتر لە 30 حاڵەتی تووشبوون بەم نەخۆشیە لەم ساڵدا تۆمارکراون و زۆربەیان لەو وڵاتانەن کە گوایە نەخۆشیەکەیان تێدا نەماوە.

ئۆلیڤەر ڕۆزنباوەر وتەبێژی هەڵمەتی نەهێشتنی ئیفلیجی منداڵان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند سەرهەڵدانەوەی نەخۆشیـیەکە لە وڵاتانی نایجیریا و سۆمالیا و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و کینیا و کۆماری پاپوا گینیای نوێ بووە.

گوتیشی ئەمە یەکەم جار نیـیە نەخۆشیـیەکە سەرهەڵبداتەوە، هەرچەندە دەزانن چ ڕێوشوێنێک پـێویستە بگیرێنەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی.

هەروەها ڕۆزنبار باسی لەوەش کرد هەرسێ وڵاتی ئەفغانستان و پاکستان و نایجیریا کە ماوەیەکی زۆرە لە دژی ئەم نەخۆشیـیە دەجەنگن، لە ئەمساڵدا بەرەوپـێشچوونێکی گەورەیان بەدەستهێناوە و پـێشتر هەرگیز بەو شێوەیە تووشبووی کەمیان نەبووە. گوتی لە ئەفغانستان و پاکستان تەنیا 6 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیـیەکە تۆمارکراوە و لە نەیجیریا هیچ حاڵەتێک نەبووە.

بەڵام گوتیشی ئەمە مانای ئەوە نیـیە کە حاڵەتی دیکە توشبوون بە نەخۆشیـیەکە لەو سێ وڵاتە نیـیە.

XS
SM
MD
LG