Accessibility links

پۆڵەندا هێزەکانی بۆ سنووری ڕۆژهەڵات دەجوڵێنێت


وەزارەتی بەرگری پۆڵەندا ڕایگەیاند زیاتر لە 1000 سەرباز دەگوازێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، ئەمەش لە نێوەندی نیگەرانییەکانی پۆڵەندای ئەندام لە ناتۆدا لەسەر بوونی چەکدارانی گروپی ڤاگنەر لە بێلاڕووس و ئەگەری ئەوەی بوونی ئەو چەکدارانە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لەسەر سنوورەکەی.

بڕیارەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بۆ پێدانی بژاردەیەک بە چەکدارانی ڤاگنەر تاوەکو بگوازنەوە بۆ بێلاڕووس بووەتە جێی نیگەرانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ، کە پێیان وایە بوونی ڤاگنەر لە بێلاڕووس دەبێتە هۆی ناجێگیرییەکی زیاتر لە ناوچەکەدا.

وەزیری بەرگری نیشتیمانی پۆڵەندا ماریوش بلاشتاک لە تویتەر نوسیویەتی " زیاتر لە 1000 سەرباز و نزیکەی 200 یەکەی کەلوپەلی سەربازیی لیواکانی 12 و 17 دەستییان کردووە بە گواستنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە."

وتیشی " ئەمە دەرخستنی ئامادەییمانە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەوڵێک بۆ ناجێگیریکردن لە نزیک سنووری وڵاتەکەمانەوە."

ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی ڕابردوو پۆڵەندا وتی بە نیازە 500 ئەفسەری پۆلیس ڕەوانەی سنووری نێوان وڵاتەکە و بێلاڕووس بکات، ئەوەش وەکو پاڵپشتییەک بۆ ئاسایشی سنوورەکە.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە بێلاڕووسەوە دەپەڕنەوە بۆ پۆڵەندا زیادییان کردووە. بەپێی پاسەوانی سنووری پۆڵەندا، ڕۆژی هەینی زیاتر لە 200 کەس هەوڵییانداوە بە شێوەیەکی نایاسایی لە بێلاڕووسەوە بچنە پۆڵەنداوە، هاووڵاتییانی مەغریب و هیندستان و ئیسیوپیایان تێدا بووە.

لە ساڵی 2021 ەوە پۆڵەندا بێلاڕووس تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی دروستکردنی قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە، ئەوەش لە ڕێی هێنانی خەڵکەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکاوە و ناچارکردنییان بۆ ئەوەی سنووری پۆڵەندا ببەزێنن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG