Accessibility links

ڕۆژنامەی بیڵد: سەرۆکی پۆڵەندا دەڵێت پەیوەندیکردن بە پوتنەوە وەکو قسەکردن وایە لەگەڵ هیتلەردا


سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا
سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا

ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا ڕەخنەی لە ڕابەرانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا گرتووە لەسەر پەیوەندییە تەلەفونییەکانیان لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا و وتوویەتی وەکو ئەوە وایە قسە لەگەڵ ئەدۆڵف هیتلەردا بکەیت لە جەنگی جیهانی دووەمدا.

لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لەڕێی پەیوەندی تەلەفونییەوە قسەیان لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کردووە، بەتایبەتی ماکرۆن کە دەڵێت نابێت ڕووسیا " شەرمەزار بکرێت " تاوەکو دەرفەتی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ دۆخەکە بپارێزین.

سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیا کە سەرەتا درەنگانێکی ڕۆژی چوارشەممە لە هەژماری تایبەتی ڕۆژنامەکە لە یوتیوب بڵاوکرایەوە دەڵێت ئەو جۆرە گفتوگۆیانە تەنها دەبنە هۆی ڕەواییدان بە جەنگە نایاساییەکەی ناو ئۆکرانیا.

دودا وتی " ئایا لە جەنگی جیهانی دووەمدا کەس بەم شێوەیە قسەی لەگەڵ ئەدۆڵف هیتلەردا کردووە؟ ئایا کەس وتوویەتی دەبێت ئەدۆڵف هیتلەر ناوبانگی خۆی بپارێزێت؟ کە دەبێت بەشێوەیەک مامەڵە بکەین ئەدۆڵف هیتلەر شەرمەزار نەکەین؟ ئەو جۆرە قسانەم نەبیستووە."

ململانێکانی ناو ئۆکرانیا کە مۆسکۆ بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات و دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی وڵاتەکەیەتی، بووەتە هۆی خاپوورکردنی شارەکانی ئۆکرانیا و کوژرانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و هەڵهاتنی زیاتر لە 7 ملیۆن کەس بۆ دەرەوەی ئۆکرانیا.

ئۆکرانیا و ڕۆژئاواش دەڵێن ڕووسیا جەنگێکی ناپێویستی هەڵگیرساندووە بۆ بەدەستهێنانی خاک و ناوچەی زیاتر.

بەپێی کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا، لە پەیوەندییەکی تەلەفونی هاوبەشی نێوان شۆڵز و ماکرۆندا لەگەڵ پوتن لە 28 ی مانگی پێنجدا، شۆڵز و ماکرۆن داوایان لە پوتن کردووە ئەو 2,500 سەربازەی ئۆکرانیا ئازاد بکات کە لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵی ماریوپۆڵ دەستبەسەرکرابوون، هەروەها داوایان لێکردووە ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا قسە بکات.

ئیتاڵیا و هەنگاریاش داوایان لە یەکێتی ئەوروپا کردووە داوای ئاگربەست لە ئۆکرانیا و گفتوگۆی ئاشتی بکات لەگەڵ ڕووسیادا، بەم داوایەشیان خۆیان لە وڵاتانی دیکەی وەکو پۆڵەندا جیاکردۆتەوە کە سوورە لەسەر هەڵوێستە توندەکەی بەرامبەر مۆسکۆ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG