Accessibility links

قەرەیڵان: پەکەکە بڕیاری کشانەوەی لە شەنگال داوە

  • VOA News

سەرکردەیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان دەڵێت ئەوان پـێشتر لە میانەی دانوستاندنەکانیاندا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیان لە شەنگال داوە.

موراد قەرەیڵان ئەندامی دەسـتەی سەرکردایەتی پەکەکە لە چاوپـێکەوتنێـکیدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی سترێک کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکرایەوە، سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر لێدوانەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردسـتان، ئەوەی لەم دوایـیانە بۆ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاند و تیایدا گوتبووی ئەگەربێت و پەکەکە لە شەنگال نەکشێتەوە، ئەوا شیانی هەیە هێز لە دژیان بەکاربهێنرێت.

قەرەیڵان گوتی نازانێت نێچرڤان بارزانی مەبەستی لەم لێدوانە چیـیە لە کاتێـکدا سەردان و چاوپـێکەوتن و دانوستاندن لە نێوانیاندا هەیە. گوتیشی " جاری یەکەمە کە ئەمە ئاشکرادەکەم، ئێمە پـێشتر لە دانوستانەکانماندا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی هەپەگەمان لە شەنگال بەوان راگەیاندبوو."

جەختی لەوەش کردەوە کێشەکان تەنها بە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستاندن چارەسەردەکرێن و نابێت ئەزمونی تاڵی ڕابردوو دووبارەبکرێتەوە، بە تایبەتی لەم کاتەی جیهان چاوی لەسەر کوردە.

XS
SM
MD
LG