وەزیری بەرگری فلپـین دەڵێت پەیوەندیـیەکی زۆر توند لە نیوان داعش و توندڕەوە ئیسلامیـیەکانی نێو وڵاتەکەی هەیە و تەنانەت کۆمەکی دارایـیشیان بۆ ڕەوانە دەکەن.
دێڵفین لۆرینزانا ڕۆژی پـێنجشەممە لە چاوپـێکەوتنێـکیدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز ئەمەی ئاشکراکرد و گوتی بەپـێی زانیاری هەواڵگری کە لە چەند سەرچاوەیەکەوە پـێـیان گەیشتووە، دەرکەوتووە یاخیبووانی ئیسلامی توندڕەو لە باشوری وڵات پەیوەندیـیان لەگەڵ داعش هەیە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە ڕێگەی کرێکارانی فلپـینی، ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات کاردەکەن، پارەیان بۆ ڕەوانەدەکرێت.
جێی ئاماژەیە گروپی ئەبو سەیافی توندڕەو بنکەی لە هەردوو دورگەی جۆلۆ و باسیلان لە باشوری ڕۆژئاوای فلپـین هەیە و لەوەتای ساڵی 1991 وە هێرشی چەکداری ئەنجام دەدات و هەتا ئێستا بە دەیان هەزار کەس لەو نێوەدا کوژراون. هەروەها گروپـێکی دیکە بە ناوی ئەنسار ئەلخەلافەی سەر بە داعش سەریهەڵاداوە و ئەویش هێرشی خوێناوی ئەنجام دەدات و مانگی ڕابردوو دامەزرێنەرەکەی بە دەسـتی هێزەکانی ئاسایشی فلپـین کوژرا.