مەترسى هەڵگیرسانى شەڕى گەورە لە نێوان هێزى پێشمەرگە و چەكدارە شیعەكان لە ناوچە كێشە لەسەرەكانى پارێزگاى دیالە و سەڵاحەدین لە ئارادایە ، بەتایبەت كە لە ماوەى هەفتەى ڕابردوودا لەو دوو پارێزگایە پێكدادان و بارگرژى لە نێوانیاندا ڕوویداوە.
دكتۆر ئەمین عەزیز جێگرى پێشووى پارێزگارى سەڵاحەدین، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"مەترسى هەڵگیرسانى شەڕى گەورە لە نێوان هێزى پێشمەرگە و حەشدى شەعبى لە ئارادایە ، ئەگەر بارودۆخەكە هێور نەكرێتەوە."
لە ماوەى هەفتەى ڕابردوودا لە قەزاى خورماتوو كورد چەكدارە شیعەكانى بە كوشتن و ڕفاندنى هاوڵاتیان تۆمەتبار كرد و وێراى هەڕەشە لێكردنیان هێزى زیاترى ڕەوانەى قەزاكە كرد، هەروەها لە نێوان جەلەولا و سەعدیەش پێكدادان لە نێوان پێشمەرگە و چەكدارە شیعەكان روویدا.
محەمەد دوو شیوانى ئەندامى پەرلەمانى عێراق پێكدادانى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى بەمەترسیەكى گەورە وەسف دەكات و بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"ئەو كێشانەى لەناوچە جێ ناكۆكەكان ڕوودەدەن بە مەبەست دروست دەكرێن."
دروستبوونى كێشە لە نێوان پێشمەرگە و چەكدارە شیعەكان لە كاتێكدایە ئەو دوو هێزە بە هەمانگى یەكترى ناوچە دابڕاوەكانیان لەبن دەستى داعش دەرهێنا.