Accessibility links

ڕێـکخراوی ئەمنستی: پـێشـمەرگە ماڵ و مۆڵکی عەرەبی وێرانکردووە


ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی Amnesty International دەڵێت هێزەکانی پـێشـمەرگەی هەرێمی کوردسـتانی عێراق و میلیشیا کوردیـیەکان لە باکوری عێراق هەزاران ماڵیان بە شۆڤڵ و ئاگر وێرانکردووە، ئەمەش پـێدەچێت هەوڵێـک بێت بۆ ڕاگواستنی دانیشتوانە عەرەبەکانی وەکو کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەوەی گومان دەکەن ئەو خەڵکە پـشتیوانی و هاوسۆزیـیان بۆ داعش هەبووبێت.

ڕاپـۆرتەکە کە لە 46 لاپەڕە پـێـکهاتووە، ڕۆژی سێشەممە لە لایەن ڕێـکخراوەکە بڵاوکرایەوە کە دەڵێت ئامادەی کردووە لەسەر بنچینەی توێژینەوەی مەیدانی لە 13 گوند و شارۆچکە و هەروەها چاوپێـکەوتن لەگەڵ زیاتر لە 100 کەس لە گەواهیدەران و قوربانیانی ئەو ڕاگواستنە زۆرەملێـیانە.

ڕاپـۆرتەکە بە وێنەی سەتەلایتەوە پشـتڕاستی دەکاتەوە کە چەندان ناوچە بە تەواوی وێرانکراون. دەشڵێت جگە لە پـێشـمەرگە لە هەندێـک حاڵەتدا میلیشیای ئێزیدی و گروپە چەکداریـیە کوردیـیەکانی سوریا و تورکیا (مەبەستی یەپەگە و یەپەژە و پەکەکەیە) بە هەماهەنگی لەگەڵ پـێشمەرگە ئەو کارەیان کردووە.

خانم دۆناتێلـلا ڕۆڤێرا Donatella Rovera کە گەورە ڕاوێژکارێـکی ڕێـکخراوەکەیە، دەڵێت وەها پـێدەچێت هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردسـتان هەڵمەتێـکی بە بەرنامە ئەنجام بدەن بۆ بە زۆر ڕاگواستنی دانیشتوانی عەرەب لە ڕێگەی وێرانکردنی چەندان گوند بە تەواوی لەو ناوچانەی لە باکوری عێراق لە ژێر دەسـتی داعش ڕزگارکردوون. دەشڵێت بە زۆر ڕاگواستنی خەڵکی سیڤیل و وێرانکردنی بە مەبەستی موڵک و ماڵیان بەبێ هیچ پاساوێـکی لەشکری دەچنە خانەی تاوانەکانی جەنگەوە.

ڕێکخراوەکە دەشڵێت لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردسـتان ڕێگە لە عەرەبە ئاوارەکان دەگرن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان لە پاش ئەوەی لە دەسـتی داعش ڕزگاردەکرێن. ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دەیان هەزار کەسی سیڤیلی عەرەب، ئەوانەی ناچار لەتاو شەڕەکان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتبوو، وا ئێسـتا کەمپەکان لە ژێر چادر لە ڕەوشێـکی زۆر خراپدان و بەهۆی وێرانبوونی ماڵەکانیان هیچ نەماوە بۆی بگەڕێنەوە.

لە ڕاپـۆرتەکە کۆمەڵێک بەڵگە خراونەتە ڕوو کە ڕێکخراوەکە دەڵێت ئەمانە دەیسەلمێنن خەڵک بە زۆر ڕاگوێزراوە لەو ناوچانەی پـێشـمەرگە لە ژێر دەسـتی داعشی دەرهێناوە لە ماوەی نێوان مانگی نۆی سـاڵی 2014 بۆ مانگی سێی 2015 لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک و دیالە.

پاشان دەڵێت هەرچەندە کاربەدەسـتانی حکومەتی هەرێمی کوردسـتان بە بەهانەی دۆخی ئاسایشی پاساو دەهێنـنەوە بۆ ڕاگواستنی دانیشتوانی عەرەب، بەڵام وەها پێدەچێت جۆرە سزادانێـک بێت لە بەرامبەر ئەوەی پـێـیان وایە ئەوانە لەگەڵ داعشدا هاوسۆزبوون.

دۆناتێلـلا ڕۆڤێرا هەروەها گوتی دەبێت هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردسـتان ئەو کەسانەی گومانیان لێدەکرێت تاوانی جەنگیان بۆ داعش ئەنجام دابێت ڕاپـێچی بەردەم دادگایان بکەن، بەڵام نەک کۆمەڵە خەڵکێـک بە گشتی سزابدەن کە گومان دەکرێت چەند کەسێـک لە نێویاندا تاوانی جەنگیان ئەنجام دابێت.

ڕێکخراوەکە باس لەوەش دەکات کە لایەنی کەم دوو جار پـێشمەرگە توێژەرانی ڕێـکخراوەکەیانی دەسـتگیرکردووە لەو گوندە وێرانکراوانە و نەیانهێشتووە لەو شوێنانە وێنە بگرن و پاشان لە ناوچەکە دەریانکردوون.

دۆناتێلـلا ڕۆڤێرا هەروەها داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردسـتان دەکات دەسـتبەجێ سنوورێـک دابنێت بۆ وێرانکردنی نایاسایی ماڵ و موڵکی خەڵکی سیڤیل و قەرەبووی هەموو ئەو خەڵکی سیڤیلە بکرێنەوە کە ماڵەکانیان وێرانکراون یان بە تاڵان براون و هەروەها ڕێگە بەو خەڵکە بە زۆر ڕاگوێزراوە بدرێت لە زووترین کاتدا بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

پاشان داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکات، بە ئەندامانی هاوپەیمانێتی دژی داعشیشەوە ئەوانەی یارمەتی هێزەکانی پـێشـمەرگە دەدەن، وەکو بەریتانیا و ئەڵمانیا و وڵاتەکانی دیکە، بە ئاشکرایی ئەم پـێشـێلکاریـیانەی پـێشـمەرگە شەرمەزار بکەن و هەروەها دڵنیابن لەوەی هەرچی یارمەتیـیەک دەدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردسـتانی عێراق نەبنە مایەی ئەنجامدانی ئەم جۆرە پـێشـێلکاریـیانە.

XS
SM
MD
LG