Accessibility links

لە کوشندەترین ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی پیرۆدا لانیکەم 17 کەس کوژراون


جولیاکا، باشووری پیرۆ
جولیاکا، باشووری پیرۆ

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی پیرۆ دەڵێت بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەرانەوە لە باشووری پیرۆ لانیکەم 17 کەس کوژراون، ئەمەش تاوەکو ئێستا کوشندەترین ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە بووە کە تیایدا خۆپیشاندەران داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت و ئازادکردنی سەرۆکی پێشووی پیرۆ پێدرۆ کاستیلۆی زیندانیکراو دەکەن.

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی پونا هێنری ڕێبازا بە کەناڵی پیرۆ تی ڤی وت پێکدادانەکان لە شاری جولیاکا ڕوویانداوە کە دەکەوێتە قەراغ دەریاچەی تیتیکاکاوە لە هەرێمی پونای باشووری پیرۆ، لانیکەم 68 کەس بریندار بوون. بەپێی وەزارەتەکە دووان لە کوژراوەکان هەرزەکار بوون.

بەڕێوبەری تەندروستی هەرێمی پونا ئیسماعیل کۆرنیخۆ بە ڕادیۆی ناوخۆیی ئاڕ پی پی وت هەندێک لە لاشەکان برینی فیشەکییان پێوە بووە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتی پیرۆ لە مانگی دوانزەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی پێکدادانەکانی خۆپیشاندەرانەوە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشدا 39 کەس کوژراون، خۆپیشاندانەکانیش دوابەدوای دوورخستنەوە و دەستگیرکردنی کاستیلۆی سەرۆکی پێشووی پیرۆ سەریانهەڵدا کە هەوڵیدا بە شێوەیەکی نایاسایی کۆنگرێسی وڵاتەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

کاستیلۆ بە تۆمەتی یاخیبوون بۆ ماوەی 18 مانگ پێش دادگاییکردنەکەی لە زینداندا دەهێڵدرێتەوە، کاستیلۆ ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.

ڕێبازا بە کەناڵی پیرۆ تی ڤی وت نەتوانراوە 28 ئەفسەری برینداری پۆلیس لە فڕۆکەخانەی جولیاکا بگوازرێنەوە. سەرۆک وەزیری پیرۆ ئەلبێرتۆ ئۆتارۆلا وتی هەزاران خۆپیشاندەر هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر فڕۆکەخانەکە و بنکەیەکی پۆلیس.

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی پیرۆ کە بە ئۆفیسی ئۆمبودسمان ناسراوە، داوای لە پۆلیس کرد پابەندی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بێت لە بەکارهێنانی هێزدا و داوای لێکۆڵینەوەی کرد لە حاڵەتی گیان لە دەستدانەکان، هاوکات داوای لە خۆپیشاندەرانیش کرد خۆیان بە دوور بگرن لە هێرش کردنە سەر موڵک یاخود ڕێگریکردن لە هاتوچۆی ئوتومبێلەکانی فریاکەوتن.

لە ماوەی ڕابردوودا ئۆفیسەکە وتی کۆرپەیەکی تازە لە دایکبوو لە کاتێکدا کە لە شارۆچکەی یونگویۆی باشووری جولیاکاوە لە ڕێی ئوتومبێلێکی فریاکەوتنی خێراوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ناوچەکە، گیانی لە دەستداوە، ئوتومبێلەکە بەهۆی بەربەستی سەر ڕێگاکانەوە دواکەوتووە و لە کاتی خۆیدا نەگەیشتۆتە نەخۆشخانەکە.

خۆپیشاندەرانی پیرۆ داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت و ئازادکردنی کاستیلۆ دەکەن، هەروەها داوا دەکەن سەرۆکی نوێی پیرۆ دینا بۆلوارتی دەست لە کاربکێشێتەوە و کۆنگرێسی وڵاتەکە دابخرێت و دەستوور بگۆڕدرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG