Accessibility links

پۆلیس: لە ڕووداوێکی پاسدا لە پیرۆ لانیکەم 24 کەس گیانیان لە دەستداوە


پۆلیسی پیرۆ دەڵێت بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکەوە لەسەر گردێک لە باکووری ڕۆژئاوای پیرۆ لانیکەم 24 کەس گیانیان لە دەستداوە، ژمارەیەکی نادیاریش لە هاووڵاتیانی هایتی تێدا بووە.

پۆلیس پێشتر ئاماژەی بەوەدا بوو 25 کەس بەهۆی ڕووداوەکەوە لە هەرێمی پیورا گیانیان لە دەستداوە، دواتر ڕاستیان کردەوە و وتیان 24 کەس گیانیان لە دەستداوە.

پۆلیس وتی پاسەکە کە سەر بە کۆمپانیای گەشتی قۆریانکا بووە، لە لیماوە بەرەو تومبیس ڕۆیشتووە، تومبیس لەسەر سنووری ئیکوادۆرە، لەو ماوەیەدا لەسەر شەقامێکی نزیک شارۆچکەی ئۆرگانۆس لایداوە و کەوتۆتە خوارەوە.

وتیشی ڕووداوەکە لە شوێنێکی سەختدا ڕوویداوە کە بە " پێچی شەیتان " ناسراوە، بەڵام وتی هێشتا هۆکاری وەرگەڕانەکە لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت.

ژمارەیەکی نادیار لە سەرنشینانی پاسەکە بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئل ئالتۆ و مانکۆررا، کە دوو هاوینەهەواری بە ناوبانگن و دەکەونە 1000 کیلۆمەتر باکووری لیمای پایتەختەوە.

پۆلیس وتی هەندێک لە سەرنشینەکان خەڵکی هایتی بوون.

جێی ئاماژەیە ژمارەی پەنابەرانی هایتی لە پیرۆ لە زیادبووندایە، بەڵام دۆخی ئەو هاووڵاتییە هایتییانەی کە لە پاسەکەدا بوون نەزاندراوە.

هەندێک لە سەرنشینەکان لە کاتی وەرگەڕانی پاسەکەدا فڕێ دراونەتە دەرەوە و هەندێکی دیکەیان لە ناو پاسەکەدا گیرییان خواردووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG