Accessibility links

پێنس: ئەمەریکا بەمزووانە توندترین سزا بۆ سەر کۆریای باکوور ڕادەگەیەنێت


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس وتی ئەمەریکا بەمزووانە توندترین و قورسترین سزای ئابووری بۆ سەر کۆریای باکوور ڕادەگەیەنێت.

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابیدا، مایک پێنس وتی فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر کۆریای باکوور بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی پیۆنگیانگ دەستبەرداری بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی دەبێت.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا وردەکاری نەدا سەبارەت بەوەی سزاکان دەخرێنە سەر چ بوارێک و هەروەها ئاماژەی بەوەش نەدا کەی سزاکان ڕادەگەیەنرێن.

پێنس و ئابی لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە توندوتۆڵکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و ژاپۆن کردووە لەنێوەندی هەڕەشەکانی کۆریای باکووردا.

پێنس وتی " ئەمەریکا پابەندە بە دابین کردنی سیستمی بەرگری زیادە بۆ ژاپۆن، وە ئێستا وڵاتەکانمان پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئەو سیستمە بەرگرییانە بگەیەنن.

سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی وتی لەگەڵ مایک پێنسدا کاتێکی باشیان بەسەر بردووە و باسیان لە کۆریای باکوور کردووە و بەتەواوەتی سیاسەتەکانیان سەبارەت بە پیۆنگیانگ هاوتا کردووە.

ئابی بەردەوام بوو لە لێدوانەکانی و وتی کۆریای باکوور بەردەوامە لە کارە وروژێنەرەکانی.

ئابی و پێنس ڕەشبینی خۆیان دەربڕی لەوەی کەمبوونەوەی بڕێکی کەمی گرژییەکانی نێوان کۆریای باکوور و کۆریای باشوور لە داهاتوودا بەردەوام ببێت.

پێنس وتی " کۆریای باکوور بەرپرسیارە لە بازنەیەک لە پەیمانی شکێنراو و هەڵخەڵەتاندن و زیادکرنی گرژییەکان."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG