Accessibility links

هاوسەرەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە ماڵەکەی خۆیدا بە چەکوش هێرشی کراوەتە سەر


سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی و هاوسەرەکەی پۆڵ پیڵۆسی
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی و هاوسەرەکەی پۆڵ پیڵۆسی

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ڕۆژی هەینی کەسێک بە چەکوشەوە هێرشی کردۆتە سەر ماڵەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی لە سان فرانسیسکۆ.

هێرشبەرەکە بە چەکوش هێرشی کردۆتە سەر پۆڵ پیڵۆسی هاوسەرەکەی نانسی پیڵۆسی.

ئۆفیسەکەی پیڵۆسی گوتی پۆڵ پیڵۆسی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و پێشبینی دەکرێت بە تەواوەتی چاک ببێتەوە. چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن ئاماژەیان بەوەداوە پۆڵ لە ژێر نەشتەرگەریدایە.

سەرۆکی پۆلیسی سان فرانسیسکۆ ویلیام سکۆت گوتی پیاوەکە لە شوێنی هێرشەکەدا دەستگیرکراوە و ناوی دەیڤد دیپاپێیە و تەمەنی 42 ساڵە، گوتیشی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتن و هێرشکردن بە چەکێکی کوشندە و سوکایەتیکردن بە بە تەمەنەکان و دزیکردن و کۆمەڵێک تاوانی دیکە تۆمەتبار دەکرێت.

بەپێی پۆلیسی کۆنگرێسی ئەمەریکا، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی لە کاتی هێرشەکەدا لە واشنتن بووە.

سکۆت گوتی ئەفسەرانی پۆلیس لە کاتی هێرشەکەدا چوونەتە ماڵەکەوە و هێرشەکەیان پوچەڵ کردۆتەوە.

سی ئێن ئێن و واشنتن پۆست لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە بڵاوییان کردەوە هێرشبەرەکە لە کاتی هێرشەکەدا هاواری کردووە " نانسی لە کوێیە ؟" هێرشبەرەکە بە ئەفسەرەکانی پۆلیسیشی وتووە کە " چاوەڕێی نانسی " کردووە.

سکۆت گوتی کاتژمێر 2:27 خولەکی بەیانی ڕۆژی هەینی بانگکراون بۆ ماڵەکە و لەوێ دیپاپێ و پۆڵ پیڵۆسییان بینیوە شەڕییان کردووە لەسەر چەکوشەکە، دیپاپێ چەکوشەکەی وەرگرتۆتەوە و هێرشی کردۆتە سەر پیڵۆسی.

سکۆت بە ڕۆژنامەنووسانی گوت ئەفسەرانی پۆلیس دیپاپێیان گرتووە و چەکەکەیان لێسەندووە و دەستگیرییان کردووە و دواتر هەردوکییانیان بردووە بۆ نەخۆشخانە. بەڵام ڕەتی کردەوە وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە و وتی دواتر پۆلیس وردەکاری زیاتر دەدات.

چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن ئاماژەیان بەوەداوە پۆڵ پیڵۆسی نەشتەرگەری مێشکی بۆ دەکرێت، هاوکات دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس وتی پۆڵ چارەسەر وەردەگرێت بۆ چەند هەڵئاوسای و برینێک. ڕۆیتەرز نەیتوانیوە ئەم هەواڵانە پشتڕاست بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG