ئه‌مڕۆ هه‌ل و مه‌رجێکی سیاسی جیاواز له کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا هه‌یه، ناکۆکیه‌کانی نێوان جه‌مسه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات و گه‌وره بوونی که‌لێنی جیاوازیه‌کانی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه بردنی وڵاته‌که له نێوان کۆنه پارێزانی ئێران و ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز له وڵاته‌که‌دا و ناڕه‌زاییه‌کانی شه‌قامی ئێرانی له سیاسه‌ته‌کانی ویلایه‌تی فه‌قێ و هه‌روادێ و زیاد بوونی فشاره نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌سه‌ر کۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌ڵکردنی شنه‌بای دیموکراسی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا (به‌هاری عه‌ره‌ب) که تائێستا ته‌نها وڵاتانی عه‌ره‌بی گرتۆته‌وه، وه‌ک زۆرێک له چاودێران جه‌ختی لێده‌که‌نه‌وه ته‌واوی لایه‌نه ئۆپزسیۆنه‌کانی ئێران ده‌خه‌نه به‌رده‌م ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی نوێوه که پێویستی به بیرکردنه‌وه و به‌رنامه‌ڕێژی نوێ هه‌یه بۆ سه‌رو سه‌ودا کردن له‌گه‌ڵ ئاینده‌دا.
لایه‌نه سیاسیه‌کانی ئۆپزسیۆنی کورد له ئێران‌دا چۆن له‌م هه‌ل و مه‌رجه نوێیانه ده‌ڕوانن؟ ده‌توانن چی بکه‌ن؟ و چۆنیش ده‌توانن ئه‌و ئه‌رکه‌ی له‌سه‌ریانه به‌رامبه‌ر گه‌لی خۆیان و به‌رامبه‌ر به مێژووش به‌جێی بگه‌یه‌نن؟
تا ئاماده‌کردنی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی ئه‌مڕۆی پانۆراما بۆخۆم گوێم له هیچ سیاسه‌تمه‌دارێکی کوردی ئێران نه‌بووه به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتووی سیاسی ، یان ڕێکخراوێکی چه‌تری بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگ و ڕه‌نگه جیاوازه‌کانی کوردستانی ئێران به هه‌نگاوێکی پێویست نه‌زانێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا ئه‌و ڕیکخراوه له نێو بواری سیاسی کوردستانی ئێران‌دا بوونی نییه.
هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ناکۆکیه سیاسیه‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانه‌وه و له‌ت بوونی ئه‌م حیزبه و ئه‌وجا دابه‌شبوونه‌کانی ناو کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان وتا ده‌گاته ناکۆکیه‌کانی تری یه‌ک دوو لایه‌نی تریش له کوردستانی ئێران‌دا گه‌لێک هه‌وڵ دران بۆ هێنانه ئارای به‌ره‌یه‌کی کوردستانی، به‌ڵام تا ئێستا هیچ یه‌کێک له‌و هه‌وڵانه سه‌ریان نه‌گرتووه و له‌گه‌ڵیشیدا سه‌یر ده‌که‌یت زه‌مینه‌ی ناکۆکی و کێشه و گرفتی سیاسی، ته‌نانه‌ت له ناو لایه‌نه دابه‌شبوه‌کانیشدا زیاتر و به‌رفراوانتریش ده‌بن.
ئا له‌م هه‌ل و مه‌رجه نوێیانه‌دا ئایا پێویست ناکات لایه‌نه سیاسیه‌کانی کوردستانی ئێران به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خۆیان بخه‌نه پێش هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه تاک لایه‌نی و تاک ڕه‌هه‌ندیه‌کانیانه‌وه؟
موحه‌مه‌د نه‌زیف قادری، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران: هه‌ل و مه‌رجی نوێی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئافریکاش پێویستی به یه‌کڕیزی هه‌یه.
سالار پاشایی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران: له‌گه‌ڵ هه‌موو هۆکاره‌کانی جیاوازیه‌کاندا به‌ڵام ئێستا له جاران زیاتر ده‌رفه‌ته‌کان له‌بارن بۆ لێک نزیک بوونه‌وه.
جه‌لیل ئازادی‌خا، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان: چاره‌سه‌ر گران نییه ئه‌گه‌ر به شێوازێکی هه‌ستکردن به لێپرسراوێتیه‌وه کار له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له هه‌ستیاره بکرێت.
قادر وریا، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان: لایه‌نه سیاسیه‌کان هه‌ر یه‌که له‌لای خۆیه‌وه باس له پێویستی یه‌کگرتن ده‌که‌ن له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی نوێ‌دا بۆ کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌کان.
عه‌لی که‌ریمی، نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ره‌وه: سه‌خته ئه‌م هێزانه‌ی کوردستانی ئێران وا به ئاسانی لێک نزیک ببنه‌وه و به‌ڵام هه‌نگاوێکی له‌و شێوه‌یه کارێکی ئه‌سته‌م نییه.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما بن که ماوه‌که‌ی 15:08 خوله‌که.