ده‌مێ ساڵه هه‌وڵ له ئارادان بۆ کاراکردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌کێک له‌و هه‌وڵانه‌دا جارێکی تریش ته‌گه‌ره‌کان ڕێگر ده‌بن و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی هه‌رێمیش هه‌ریه‌که به بۆچوونی ئه‌و لایه‌نه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات باسی ده‌کات.
له ساده‌ترین پێناسه‌یدا په‌رله‌مان ئه‌و دامه‌زراوه‌یه ئه‌رکی داڕشتنی یاسا و چاودێریکردنی کاره‌کانی حکومه‌تی له ئه‌ستۆیه. زۆرێک له په‌رله‌مانتاران به ئه‌ندامانی سه‌ر به لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپزسیۆنیشه‌وه له‌و بڕوایه‌دان په‌رله‌مان وه‌ک دامه‌زراوه‌یه‌ک له هه‌رێمه‌که‌دا که‌مته‌رخه‌می هه‌بووه.
نوێترین هه‌وڵ بۆ کارا کردنی ئه‌م په‌رله‌مانه پێداچونه‌وه‌یه به نێو لیژنه‌کانی ناو په‌رله‌مانی هه‌رێمدا و گۆڕانکاریکردنه له سه‌رۆک و ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنانه‌دا.
سه‌رچاوه‌کان له ناو په‌رله‌ماندا ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن بۆ سه‌رکه‌وتنی ئه‌م هه‌وڵه ، پێویست به تاووتوێکردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی هه‌رێم هه‌یه.
چاو‌دێر ده‌ڵێن یه‌کێک له گرفته‌کان بۆ کارا نه‌بوونی په‌رله‌مان ده‌نگدانه له‌سه‌ر بنچینه‌ی زۆرترایه‌تی له‌سه‌ر پڕۆژه یاساکان، که وه‌ک ده‌ڵێن زۆر بابه‌ت هه‌ن پێویستی به سازشکردنی سیاسیانه هه‌یه له لایه‌ن لایه‌نه‌کانی ناو په‌رله‌مانه‌وه.
ئه‌گه‌ر ئا لێره‌دا سه‌یرێکی ئه‌زموونی سیاسی عێراق بکه‌ین له سۆنگه‌ی په‌رله‌مانه‌که‌یه‌وه، وه‌ک زۆرێک له شیکه‌ره‌وه سیاسیه‌کان له‌سه‌ری کۆکن ، یه‌کێک له فاکته‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی لاواز بوونی ڕۆڵی په‌رله‌مان ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌و سازشکردن و له‌به‌ردانه‌واندنه سیاسیانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی هۆڵی په‌رله‌مانی وڵاته‌که ده‌کرێت و دواتر هه‌ر ته‌نها بۆ ده‌نگدان ده‌برێته ناو هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه.
پێده‌چێت له په‌رله‌مانی هه‌رێمدا هاوڕاییه‌ک هه‌بێت بۆ ئه‌م ئاڵ و گۆڕه له‌ناو لیژنه‌کاندا و ئه‌گه‌ر ڕیفۆرمکردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان کرایه به‌رنامه‌ی کاری دانیشتنێکی په‌رله‌مان و بڕیار له‌سه‌ر ڕیفۆرمکردنی درا ، به ڕێکه‌وتنی سیاسی ده‌بێت یان به ده‌نگدان؟
جا جێی خۆیه‌تی بپرسین ئایا ئه‌م هاوڕاییه له هه‌ستکردن به به‌رپرسێتیه‌وه‌یه بۆ کاراکردنی په‌رله‌مان، یان بۆ هاوسه‌نگکردنی هێزه‌کانی ناو په‌رله‌مانه؟
چاوه‌ڕوانی چ جۆره ئاڵ و گۆڕێک بین له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌ماندا؟
سه‌رۆکایه‌تی لیژنه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر لای لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات بێت یان لای ئۆپزسیۆن بێت چ جیاوازیه‌ک دێنێته ئاراوه؟
یه‌کێک له لیژنه گرنگه‌کانی ناو په‌رله‌مانی هه‌رێم لیژنه‌ی نه‌زاهه‌یه و ئه‌م لیژنه‌یه نه‌یده‌توانی کاره‌کانی خۆی به شێوه‌یه‌کی گونجاو به‌ڕێوه به‌رێت بۆیه له ئێستادا ته‌نها 3 ئه‌ندامی ماوه‌ته‌وه و له ڕووی یاساییه‌وه ناتوانێت هیچ جۆره هه‌نگاوێک بنێت له‌و ئه‌رکانه‌ی له‌سه‌ریه‌تی.
زۆرێک له ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق به تایبه‌ت ئه‌ندامانی لایه‌نه‌کانی ئۆپزسیۆن له‌و بڕوایه‌دان په‌رله‌مان به بێلایه‌نانه کاری نه‌کردووه چونکه زۆرێک له‌و پڕۆژه یاسایانه‌ی لایه‌نه‌کانی ئۆپزسیۆن پێشکه‌شی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانیان کردووه نه‌خراونه‌ته به‌رنامه‌ی کاری په‌رله‌مانه‌وه بۆ هه‌رهیچ نه‌بێت گفت و گۆکردن له‌سه‌ریان.
که‌یلی ئه‌کره‌م، ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی کوردستانی(پارتی): گۆڕانکاری کردن له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌ماندا ڕۆڵ ده‌گێڕێت له ئاکتیڤ کردنی په‌رله‌ماندا.
شیلان عه‌بدولجه‌بار، ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی کوردستانی(یه‌کێتی): پێویسته په‌یڕه‌وی نوێی په‌رله‌مان پره‌نسیپی دیموکراسی تیادا بێت.
ڤیان عه‌بدولڕه‌حیم، ئه‌ندامی په‌رله‌مان (گۆڕان): ئه‌م هه‌وڵه‌ی ده‌درێت له هه‌ستکردنه به به‌رپرسێتی و بۆ هاوسه‌نگکردنی هێزه‌کانی ناو په‌رله‌مانیشه.
ناسک تۆفیق، ئه‌ندامی په‌رله‌مان (یه‌کگرتووی ئیسلامی): پێم وانییه ئاڵوگۆڕ له سه‌رۆکی لیژنه‌کانی په‌رله‌ماندا کاریگه‌ریه‌کی ئه‌وتۆی هه‌بێت به‌سه‌ر ئاکتیڤ کردنی ڕۆڵی په‌رله‌مانه‌وه.
هاژه سلێمان، ئه‌ندامی په‌رله‌مان (پارتی کۆمۆنیستی کوردستان): هه‌ل و مه‌رجی سیاسی هه‌رێمه‌که هۆکار بوو بۆ دواکه‌وتنی ئه‌م پڕۆژه‌ی گۆڕانکاریانه له ناو دامه‌زراوی په‌رله‌ماندا.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما بن که ماوه‌که‌ی 15:00 خوله‌که.