سه‌ر له به‌یانی ڕۆژی چواری پێنجی ساڵی 2010 خوێندکارێک له شاری هه‌ولێر به کۆمه‌ڵێک هیوای گه‌نجانه‌ی خۆیه‌وه ڕوو له کۆلیژه‌که‌ی ده‌کات تا ئه‌و یه‌ک دوو مانگه‌ی ماویه‌تی له خوێندندا ته‌واوی بکات و بڕوانامه‌ی زانکۆ به‌ده‌ست بێنێت و ئیدی زیاتر بکه‌وێته ناو به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکه‌کانی ژیانیه‌وه و ئه‌و خه‌ونانه‌ی هه‌یه‌تی پێیان بگات.
ئه‌و لاوه خوێندکارێکی ئاسایی نه‌بوو ، بیرکردنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو ، هه‌وڵی ده‌دا به‌دواداچوون له‌سه‌ر ورد و درشت بکات، هه‌ستی به جیاوازیه‌کان ده‌کرد، ڕاستگۆیانه ده‌دوا و هه‌میشه‌ش ڕاشکاوانه دید و بۆچوونه‌کانی خۆی ده‌رده‌بڕی.
سه‌رده‌شت عوسمان ڕۆژنامه‌وانێکی لاو بوو ، هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا به بێ گوێدانه هیچ پره‌نسیپێک له‌به‌رده‌م کۆلیژه‌که‌یدا ده‌ڕفێندرێت و پاش دوو ڕۆژ ته‌رمه‌که‌ی له شاری موسڵ فڕێده‌درێت و ده‌دۆزرێته‌وه.
لیژنه‌یه‌ک پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌و ڕووداوه ، پاش چه‌ند مانگێك ئه‌و لیژنه‌یه‌ی به فه‌رمانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق پێکهێنرا ڕاپۆرتی ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کانی بڵاوکرده‌وه و دۆسێی سه‌رده‌شت عوسمانی ڕۆژنامه‌وان به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئه‌و لیژنه‌یه به‌سترایه‌وه به تێرۆریزمه‌وه.
کوژرانه‌که‌ی سه‌رده‌شت عوسمان چه‌ندێک کاردانه‌وه و ناڕه‌زایی به دوای خۆیدا هێنا ، ڕاپۆرتی ئه‌و لیژنه‌یه‌ش به هه‌مان شێوه. ڕێکخراوه‌کانی داکۆکی له مافه‌کانی مرۆڤ و مافه سیڤیلیه‌کان ده‌که‌ن ، ڕۆژنامه‌وانان ، نوسه‌ران ، ڕوناکبیران هه‌ر هه‌موو کۆک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رده‌شت عوسمان له قوربانیه‌وه کراوه به تێرۆریست.
له‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردووش‌دا پرۆسه‌یه‌کی دادگایی کردن له هه‌ولێر ده‌ستی پێ‌کرد وه‌ک ده‌گوترا بۆ دادگایی‌کردنی گومانباران له دۆسێی کوژرانی سه‌رده‌شت عوسماندا.
ڕۆژنامه‌وان له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج له‌و بڕوایه‌دایه دوا ڕاپۆرتی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه له کوشتنه‌که‌ی سه‌رده‌شت عوسمان ژماره‌یه‌ک پرسیاری تری به دوای خۆیدا دروستکردووه نه‌ک دۆسێکه‌ی یه‌کلایی کردبێته‌وه.
ڕۆژنامه‌وان له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج ده‌شڵێت ته‌نانه‌ت ئه‌و دادگاییکردنه‌ی له هه‌ولێر ده‌ستی پێکردووه ده‌شێت سیناریۆیه‌ک بێت.
یه‌کلایی نه‌بوونه‌وه‌ی دۆسێکه‌ی سه‌رده‌شت عوسمان و چه‌ندان دۆسێی تریش به‌شی خۆی نیگه‌رانی دروستکردووه ، وک ڕۆژنامه‌وان مه‌م بورهان قانع ده‌ڵێت ئه‌و گومان و نیگه‌رانیانه‌ش به‌رۆکی ده‌سه‌ڵاته‌کان ده‌گرن.
هێشتاش پرسیار زۆرن که وه‌ڵام نه‌دراونه‌ته‌وه له‌سه‌ر کوشتنه‌که‌ی ڕۆژنامه‌وان سه‌رده‌شت عوسمان و به تایبه‌تیش پرسیاری ئه‌وه‌ی کێ سه‌رده‌شتی کوشت و بۆ بکوژرێت؟
ڕۆژنامه‌وان مه‌م بورهان قانع ده‌ڵێت پرسیاره سه‌ره‌کیه‌که له‌وه‌سایه ئایا نوسین یان ڕه‌خنه‌گرتنی ڕۆژنامه‌وانێکی لاو شایانی ئه‌وه‌یه کۆتایی به ژیانی بهێنرێت؟
له پاش ڕفاندن و کوژرانی سه‌رده‌شت عوسمان ، ژماره‌یه‌ک چالاکی و هه‌ڵمه‌ت و جم و جۆڵ له هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا ده‌ستیپێکرد بۆ داکۆکی کردن له ئازادیه‌کانی تاکه که‌س و ئازادیه‌کانی ڕاده‌ربڕین.
ئاوات عه‌لی ، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕی سه‌نته‌ری میترۆ به به‌رنامه‌ی پانۆرامای گوت مه‌خابن پێده‌چێت ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه وه‌ک پێویست جێی خۆیان نه‌گرتبێت.
ئاوات عه‌لی له سه‌نته‌ری میترۆ ئاماژه‌ش به‌وه ده‌کات ته‌نها میکانیزمێک بۆ بنه‌بڕکردن یان هه‌ر هیچ نه‌بێت که‌م کردنه‌وه‌ی توندوتیژیه‌کان به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌وانان لێپرسینه‌وه و لێپێچینه‌وه‌یه له‌وانه‌ی پێشێلکاری ده‌که‌ن.
بۆ دۆسێکه‌ی ڕۆژنامه‌وانی لاو سه‌رده‌شت عوسمان ، سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌وانایش له هه‌رێمی کوردستانی عێراق ناڕه‌زایی خۆی ده‌ربڕی.
شوان داودی جێگری سه‌رۆکی سه‌ندیکا ده‌ڵێت به‌داخه‌وه ئه‌و دۆسێیانه‌ی سه‌ندیکا داکۆکی لێکردوون زۆربه‌یانبه‌بێ ئه‌نجام ماونه‌ته‌وه.
شوان داودی که سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی هه‌واڵه ده‌شڵێت مه‌رج نییه هه‌موو ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌وانان ده‌کرێن تان و پۆی سیاسیانه‌ی هه‌بێت، به‌ڵکو ده‌شێت فه‌رهه‌نگ و کولتوریش ڕۆڵی خۆیان هه‌بێت له پێشێلکاریه‌کاندا.
دوو ساڵ به‌سه‌ر کوژرانی سه‌رده‌شت عوسمانی ڕۆژنامه‌واندا تێپه‌ڕ ده‌بێت و هێشتاش له نێوه‌نده‌کانی داکۆکیکردن له مافه‌کانی مرۆڤ و ڕێکخراوه‌کانی پاراستنی ژیانی ڕۆژنامه‌وانان باس له‌وه ده‌کرێت ئه‌نجامه‌کانی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه له دۆسێکه‌ی ڕۆژنامه‌وان سه‌رده‌شت عوسمان جارێکی تر ئه‌و ڕۆژنامه لاوه‌ی کوشته‌وه.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما بن که ماوه‌که‌ی 11:40 خوله‌که.