له لێدوانێکی بێ پێشینه‌دا سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق هه‌ڵوێستی نوێی وڵاته‌که‌ی ئاشکرا ده‌کات سه‌باره‌ت به قه‌یرانی سوریا.
پێشتر حکومه‌تی عێراق نه به ئا نه به نا به‌شداری نه‌کرد له‌و ده‌نگدانه‌ی کۆمکاری عه‌ره‌بدا که تایبه‌ت بوو به چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی سیاسی سوریا و هه‌روه‌هاش کۆتاییهێنان به توندوتیژی و سه‌رکوتکردنه‌کانی هێزه ئاسایشیه‌کانی حکومه‌ته‌که‌ی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د دژ به خۆپیشانده‌رانی وڵاته‌که.
به‌ڵام له لێدوانه‌که‌یدا بۆ ڕۆژنامه‌ی عوکاز سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق گوتوویه‌تی وڵاته‌که‌ی پشتیوانی له خواستی گه‌لی سوریا ده‌کات بۆ ئازادی و گۆڕانکاریش پێویسته و ناشکرێت قه‌یرانی سیاسی سوریا درێژه بکێشێت به‌بێ ئه‌وه‌ی گۆڕانکاری له‌و وڵاته‌دا بێته ئاراوه.
به‌کر حه‌مه سدیق، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان: نوری ئه‌لمالیکی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق دڵنیایه له‌وه‌ی ڕژێمی سوریا ده‌ڕوخێت.
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵا، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری واڵا پرێس: حکومه‌تی عێراق سه‌یری هه‌ڵوێستی وڵاتانی عه‌ره‌ب و وڵاتانی تری جیهانیش ده‌کات چیی دی ناتوانێت جیاواز بێت له هه‌ڵوێسته‌کانی ئه‌وان به تایبه‌تیش که بڕیاره کۆنگره‌ی لوتکه‌یی وڵاتانی عه‌ره‌بی له عێراق بکرێت.
دکتۆر ڕێبوار که‌ریم مه‌حمود، مامۆستای زانسته سیاسیه‌کان له زانکۆی سلێمانی: به دووری نازانم ئه‌م گۆڕانه له هه‌ڵوێستی عێراقدا به‌رامبه‌ر ڕاپه‌ڕینی گه‌لی سوریا بۆ ماوه‌یه‌کی کاتیی بێت.
هۆگر چه‌تۆ، ڕێکخه‌ری تۆڕی شه‌مس له عێراق: ئه‌م گۆڕانه له هه‌ڵوێستی عێراقدا ده‌رفه‌تێکی گه‌وره نییه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی عێراق بۆ ناو جیهانی عه‌ره‌بی چونکه گۆڕانکاریه‌که هه‌ڵوێستێکی ته‌کتیکیه.
پێشتر ده‌گوترا ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی عێراق له‌سه‌ر ڕه‌وشی سوریا په‌یوه‌ندی هه‌یه به کاریگه‌ریه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه له‌ناو حکومه‌تی عێراقدا.
سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق له‌و بڕوایه‌دایه ئه‌گه‌ر بێتوو ڕه‌وشه‌که له سوریا هه‌روابێ و ڕووه‌و خراپتر بڕوات کاریگه‌ریه‌که‌ی بۆ سه‌ر عێراق له پێش هه‌موو وڵاتێک‌دا ده‌بێت و به دووریشی نازانێت هه‌ڵایسانی شه‌ڕی ناوخۆ له سوریادا به زوویی پڕیشک بهاوێت بۆ وڵاته‌کانی تری وه‌ک لوبنان و شانشینی ئوردن.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌که بن که ماوه‌که‌ی 11:19 خوله‌که.