ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق سه‌باره‌ت به پێکهێنانی هه‌رێمی تایبه‌ت به عه‌ره‌بی سوننه مشت و مڕێکی سیاسی وا توندی به دوای خۆیدا هێنا که ئوسامه نوجه‌یفی ناچارکرد له میانه‌ی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا بڵێت وای نه‌گووتووه.
هاوکاتی ئاماده‌کردنی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما ، هه‌ڵمه‌تێک له په‌رله‌مانی عێراقدا ده‌ستی پێکردووه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ئیمزای ئه‌ندامان، تا لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی په‌رله‌ماندا بکرێت له‌سه‌ر ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی له ده‌می سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ واشنتۆن دابووی.
پێچهوانهبوونهوهیهک له هه‌ڵوێستی سیاسی زۆرێک له لایه‌نه سیاسیه‌کانی عێراقدا به‌دی ده‌کرێت ، پێشتر ئوسامه نوجه‌یفی زۆر به تووندی دژی به هه‌رێم کردنی عێراق بوو ، گه‌لێک له لایه‌نه شیعه‌کانی وڵاته‌که تا سه‌ر ئێسقان له‌گه‌ڵ فیدراڵی بوونی عێراقدا بوون ، به‌ڵام ئێستا نوجه‌یفی داوای ده‌کات و بۆ نمونه هاوبه‌ندی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ژێر پاساوی جیا جیادا ڕه‌تی ده‌کاته‌وه.
جابر حه‌بیب جابر ، ئه‌ندامی باڵای هاوبه‌ندی ده‌وڵه‌تی یاسا: فیدراڵیه‌ت له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئاینزایی یه‌کبوونی نیشتیمانی عێراق په‌رت ده‌کات.
سوهاد فازیل حه‌مید ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی ئه‌لعێراقیه: لیستی ئه‌لعێراقیه هه‌موو جۆره به‌ش به‌شکردنێکی عێراق ڕه‌تده‌کاته‌وه و چاره‌سه‌رکردنی کێشه سیاسیه‌کانی عێراق له‌ڕێی چاکسازیه‌وه ده‌بێت نه‌ک به فیدراڵی کردنی وڵاته‌که.
ئاڵا تاڵه‌بانی ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی کوردستانی: ئه‌گه‌ر هه‌ل و مه‌رجی سیاسی عێراق له ئێستادا بکرێته پاساوێک بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی فیدراڵی، ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که عێراقێکی فیدراڵ باشترین چاره‌سه‌ر نه‌بێت.
عوزێر حافیز نه‌زیر ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان: کاریگه‌ریه‌کانی وڵاتانی ناوچه‌که و ده‌ستێوه‌ردانیان له مه‌سه‌له‌ی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌که‌دا کارێکی وا ده‌کات به دوور نه‌زانرێت کوشت و کوشتارێکی تر له عێراقدا ڕووبداته‌وه.
ئازاد چالاک ، ئه‌ندامی پێشوی په‌رله‌مانی عێراق: به‌شداریکردن له پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا کارێکی وای نه‌کرد شیعه‌کان و سوننه‌کان تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و متمانه‌یه‌ک له نێوانیاندا دروستبێت.
به‌ر له‌وه‌ی ببێته جێگری سه‌رۆکی وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا، واته ئه‌وکاته‌ی سیناتۆر بوو ، جۆ بایدن پڕۆژه‌یه‌کی خسته به‌رده‌ست عێراقیه‌کان و عێراق کرابووه سێ هه‌رێم ( کورده‌کان–شیعه‌کان-سوننه‌کان ) وه به باشترین چاره‌سه‌ری داده‌نا له‌گه‌ڵ هه‌بوونی حکومه‌تێکی نێوه‌ندی به‌هێز بۆ عێراقێکی لێوان‌لێو له قه‌یران.
ده‌توانن له‌ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما بن که ماوه‌که‌ی 14:53 خوله‌که.