ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوو له ژورێکی گرتوخانه‌ی ئاسایشی گشتی شاری سلێمانی له هه‌رێمی کوردستانی عێراق، زانا حه‌مه ساڵح قایمقامی پێشووی سلێمانی له بارێکی نادیاردا گیانی له ده‌ستدا.
ئاسایشی گشتی له سلێمانی ده‌ڵێت زانا خۆی خۆی خنکاندووه، به‌ڵام نه‌ک هه‌ر ته‌نها که‌س و کاره‌که‌ی به‌ڵکو زۆرێکیش له خه‌ڵک و چاودێران گومانیان هه‌یه له‌وه‌ی زانا حه‌مه ساڵح خۆی خۆی کوشتبێت و ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی ئاسایش به سیناریۆ داده‌نێن.
ئه‌و دۆسێیه‌ی زانا حه‌مه ساڵحی له‌سه‌ر ده‌ستگیر کرابوو په‌یوه‌ندی هه‌بووه به گه‌نده‌ڵیه‌وه.
وه‌ک داواکاری گشتی ئاماژه‌ی پێکردووه قایمقامی پێشوی سلێمانی به هۆی مامه‌ڵه‌کردنێکی نایاساییه‌وه له زیندان نراوه و دۆسێکه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه به مامه‌ڵه‌یه‌کی نایاسایی به نزیکه‌ی 2000 دۆنم زه‌وی له ناو پارێزگای سلێمانیدا.
قایمقامی پێشوی سلێمانی ده‌مرێت و که‌س و کاره‌که‌ی ده‌ڵێن نه‌خێر زانا حه‌مه ساڵح له ناو گرتوخانه‌که‌یدا کوژراوه تا که‌سه‌کانی پشت ئه‌و دۆسێیه‌ی له‌سه‌ری ڕاپێچی زیندان کراوه ئاشکرا نه‌کات.
له پاش ئه‌م ڕووداوه ژماره‌یه‌ک لیژنه پێکهێنراون له لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و حکومه‌تی هه‌رێم و ئاسایشه‌وه و هه‌روه‌هاش هه‌ندێ لیژنه‌ی تریش له‌سه‌ر ئاستی پارێزگای سلێمانی دیار کراوه.
جه‌لال شێخ که‌ریم ، جێگری وه‌زیری ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق : جگه له قایمقام پێنج که‌سی تریش ده‌ستگیر کراون و ئاسایشی گشتی سلێمانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆ نییه.
عه‌لی که‌ریم ، سه‌رۆکی ئه‌نستیتۆی کوردستان بۆ مافه‌کانی مرۆڤ : ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان بێت و ده‌ستکراوه بن لیژنه‌کان ده‌توانن ڕاستیه‌کان ده‌ربخه‌ن چونکه خه‌ڵکی به‌ده‌سه‌ڵات له‌و لیژنانه‌دا هه‌ن.
ئه‌حمه‌د میره ، سه‌رنوسه‌ر گۆڤاری لڤین : یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌ی خه‌ڵک گومانیان له گیان له‌ده‌ستدانه‌که‌ی زانا حه‌مه ساڵح هه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ئه‌زموونه‌ی لایه‌نه فه‌رمانڕه‌واکان له‌گه‌ڵ دروستکردنی چیرۆکی وه‌همی هه‌یانه بۆ ئه‌و کاراکته‌رانه‌ی تێوه‌ده‌گلێن له دۆسێی ئاسایشی یان گه‌نده‌ڵیدا.
دکتۆر ئیبراهیم سه‌عید ، پسپۆڕی ڕاگه‌یاندن له زانکۆی سلێمانی : ئه‌و جۆره ڕووماڵکردنه‌ی میدیا کردی له دۆسێکه‌ی زانا حه‌مه ساڵحدا له یه‌ک کاتدا زیان و سودیش به دۆسێکه ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و لیژنانه‌ی دانراون بۆ لێکۆڵینه‌وه‌کان له کار و ئه‌رکه‌کانیاندا سه‌رکه‌وتووبن ئه‌وا وه‌ک چاو‌دێر پێشبینی ده‌که‌ن دۆسێی تری گه‌نده‌ڵی هه‌ڵده‌درێنه‌وه و هه‌نگاو به هه‌نگاو دادگاکان له هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا ڕووه‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌ڕۆن و سه‌ره‌تایه‌کیش ده‌بێت بۆ ئه‌و هه‌وڵه ڕژدانه‌ی له ئارادان بۆ نه‌هێشتنی یان هه‌ر هیچ نه‌بێت که‌مکردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، وه ده‌شڵێن ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پێشبینیانه‌یان دروسته.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما بن که ماوه‌که‌ی 12:28 خوله‌که.