Accessibility links

فەڵەستینیەکان دەڵێن لە پێکدادانەکاندا لەگەڵ هێزەکانی ئیسڕائیل لە کەناری ڕۆژئاوا 6 فەڵەستینی کوژراون


بەرپرسانی فەڵەستینییەکان دەڵێن لە شەڕە تەقەیەکدا لەگەڵ هێزەکانی ئیسڕائیل پێنج فەڵەستینی کوژراون و دواتریش لە میانەی هێرشێکی ئیسڕائیلدا بۆ سەر شاری نابلوس لە کەناری ڕۆژئاوا فەڵەستینییەکی دیکەش کوژراوە.

شوشەی شکاو و ئاسن و پاشماوەکان شەقامەکانی شاری کۆنی نابلوسییان داپۆشیبوو لە کاتێکدا کە دوکاندارەکان هەوڵیان دەدا دوای هێرشەکە شەقامەکە پاک بکەنەوە، سوپای ئیسڕائیل وتی شوێنێکی گروپی چەکداری " لانەی شێرەکانیان " کردۆتە ئامانج کە بۆ دروستکردنی تەقەمەنی بەکارهاتووە.

سوپای ئیسڕائیل وتی " لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەیان فەڵەستینی تایەیان دەسووتاند و بەردییان دەگرتە هێزەکان. هێزەکانیش بە تەقەکردن بە ڕووی گومانلێکراوە چەکدارەکاندا وەڵامییان دایەوە کە تەقەیان لە هێزەکان دەکرد."

دووان لە کوژراوەکان ئەندامانی " لانەی شێرەکان " بوون کە گروپێکی چەکداری فەڵەستینییە لە نابلوس. لەم ساڵانەی ڕابردوودا گروپەکە گەورەتر بووە و چەند جارێک کەوتوونەتە شەڕەوە لەگەڵ هێزەکانی ئیسڕائیلدا.

کەسی شەشەم لە پێکدادانێکی جیادا لە شارۆچکەی نەبی ساڵح لە کەناری ڕۆژئاوا کوژراوە.

بەرپرسانی تەندروستی فەڵەستینییەکان وتیان لانیکەم 20 کەس بە چەکدار و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی فەڵەستینییەکانیشەوە بریندار بوون.

لەم ساڵدا زیاتر لە 100 فەڵەستینی کوژراون، زۆربەیان لە کۆتایی مانگی سێیەوە کوژراون کاتێک هێزەکانی ئیسڕائیل وەکو وەڵامێک بۆ هێرشی فەڵەستینییەکان لە ناو ئیسڕائیلدا هەڵمەتێکی سەربازیی دژ بە گروپە چەکدارییەکانی فەڵەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا دەستپێکرد.

بەرپرسێکی ئیسڕائیل وتی لەو کاتەوە چوار سەربازی هێزەکانی ئاسایشی ئیسڕائیل کوژراون، لانیکەم یەکێکیان لەسەر دەستی لانەی شێرەکان کوژراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG