Accessibility links

گیان لەدەستدانی چالاکوانێکی فەلەستینی ناڕەزایی زۆری لێدەکەوێتەوە


چالاکوانێکی فەلەستینی لە کاتی دەستگیرکردنی لەلایەن هێزە ئاسایشیـیەکانی دەسەڵاتی فەلەستینی لە نزیک شاری ئەلخەلیل گیانی لەدەستدا، ئەمەش ناڕەزایـیەکی زۆری لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لێکەوتەوە.

نزار بەنات، تەمەن 43 ساڵ، کە ناسرابوو بەوەی ڕەخنەگرێکی توند بوو لە دەسەڵاتی فەلەستینی و بە تایبەتی مەحمود عەباسی سەرۆکی دەسەڵاتەکە، بەرەبەیانی ڕۆژی پـێنجشەممە لە ماڵی مامی لە شارۆچکەی دورای نزیک شاری خەلیل دەستگیرکرا و پاشان هەواڵی مەرگی ڕاگەیەندرا.

بەپـێی لێدوانی ئامۆزایەکی بە ناوی عەمار، هێزەکانی ئاسایشی فەلەستینی لە کاتژمێر 3:30 ی بەرەبەیان داویانە بەسەر ماڵەکەیاندا و نزاریان لە جێگا دەرهێناوە و بۆ ماوەی 8 خولەک بە تێڵا کەوتوونەتە سەری و خوێنی لێهاتووە و پاشان بە جنێودان ڕایانکێشاوە بۆ ناو ئۆتۆمبیلێکیان و بردوویانە.

نزار بەنات کە چالاکوانێکی سەربەخۆ بوو لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە ڕەخنەی لە دەسەڵاتی فەلەستینی دەگرت. نزار خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کاندیدکردبوو لە نێو لیستی "الحرية والكرامة" ی سەربەخۆ، بەڵام هەڵبژاردنەکان کە بڕیاربوو لە مانگی پـێنجدا بەڕێوەبچێت دواخرا.

گیان لەدەستدانی نزار، ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە و بە سەدان کەس ڕژانە سەر جادەکانی شاری ڕامەڵڵا کە بارەگای دەسەڵاتی فەلەستینی لێـیە. هێزەکانی ئاسایشی فەلەستینی بە بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد.

شاندی یەکێتی ئەوروپا لە ناوچەی فەلەستینیـیەکان سەرسوڕمان و مەخابنی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر گیان لەدەستدانی نزار بەنات. داوایکرد دەستبەجێ لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و سەربەخۆ و ئاشکرا لە بارەی ڕووداوەکە بکرێت.

تور وینسلاند، کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش ئەوپەڕی نیگەرانی خۆی دەربڕی و داوایکرد لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ ئەنجام بدرێت و سزای ئەو کەسانە بدرێت کە لە ڕووداوەکە بەرپـرسن.

محەمەد ئاشتیـیە سەرۆک وەزیری دەسەڵاتی فەلەستینیـیەکان لە ڕێگەی فەیسبوکەکەیەوە ڕایگەیاند لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پـێکهێنراوە هەتا هۆکاری گیان لەدەستدانی نزار بەنات بزانرێت.

بەشێکی زۆری فەلەستینیـیەکان لە دەسەڵاتی فەلەستینی ناڕازین و بەپـێی ڕاپـرسیـیەکی سەنتەری فەلەستینی بۆ توێژینەوە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەنجام درا، 84% ی فەلەستینیـیەکان لەو بڕوایەدان دەسەڵاتی فەلەستینی گەندەڵە.

سەرچاوە / فڕانس پـرێس، کەناڵی ئەلحوڕڕە

XS
SM
MD
LG