Accessibility links

تەندروستی فەڵەستینییەکان: سەربازانی ئیسڕائیل لەمیانەی پێکدادانەکانی کەناراوەکانی ڕۆژئاوادا فەڵەستینییەک دەکوژن


وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان دەڵێت سەربازانی ئیسڕائیل لەمیانەی پێکدادانەکانی کەناراوەکانی ڕۆژئاوادا فەڵەستینییەکیان کوشتووە.

سوپای ئیسڕائیل گوتی هێزەکانی ئاسایشی ئیسڕائیل پێنج کەسییان دەستگیرکردووە کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت لە ماوەی پشێوییەکاندا " چالاکی تیرۆریستییان " ئەنجام دابێت لە ناو و دەوروبەری شاری جینیندا.

گوتیشی " بەشداربووان لە پشێوییەکەدا بەرد و ئامێری تەقینەوە و مۆلۆتۆڤ کۆکتەیڵیان گرتۆتە هێزەکان و دەنگی تەقەش لە ناوچەکەدا بیستراوە. سەربازەکان بە فیشەک وەڵامییان داونەتەوە."

وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستینییەکان سەرکۆنەی کوشتنەکەی کرد.

لە سەرەتای دەستپێکردنی هەڵمەتە سەربازییەکەی ئیسڕائیلەوە دژی چەکدارەکانی ناو کەناراوەکانی ڕۆژئاوا، توندوتیژییەکان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا زیادییان کردووە، ئیسڕائیل دەڵێت هەڵمەتە سەربازییەکەی وەکو وەڵامێکە بۆ ئەو هێرشانەی کە لەسەر شەقامەکان لەلایەن فەڵەستینییەکان و ئەندامانی کەمینە عەرەبەکانی ناو ئیسڕائیلەوە ئەنجام دەدرێن، بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە لانیکەم 18 کەس کوژراون.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکان دەڵێت تاوەکو ئێستا 97 فەڵەستینی کوژراون، بە هێرشبەر و هاوڵاتیانی مەدەنی و ئەوانەشەوە کە لەمیانەی پێکدادانەکاندا لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ئیسڕائیلدا کوژراون.

سوپای ئیسڕائیل گوتی لە ماوەی ڕابردوودا چوار سەربازی ئیسڕائیل برینداربوون، ئەوەش دوای ئەوەی ئامێرێکی تەقینەوە هەڵدراوە بۆ شوێنێکی نزیک لە هێزەکانی ئیسڕائیلەوە لە شارۆچکەی نەبی ساڵحی فەڵەستینی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG