دەسەڵاتی فەڵەستینیەکان داوای لە هاوڵاتیانی فەڵەستینی کرد سوود لەو سازدانانە وەرنەگرن کە ئیسڕائیل بەڵێنی داوە لەسەریان کە تیایدا ڕێگە بە فەڵەستینییەکان دەدات لەڕێی فڕۆکەخانەی ڕامۆنی باشووری ئیسڕائیلەوە گەشت بکەن، گوتی دەبێت خۆیان فڕۆکەخانەی خۆیان هەبێت.
لەم مانگەدا دەسەڵاتی فڕۆکەخانەکانی ئیسڕائیل ڕایگەیاند فەڵەستینییەکانی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا گەشتی تایبەتییان لە فڕۆکەخانەی ڕامۆنەوە پێشکەش دەکرێت بۆ تورکیا، کە دەکەوێتە نزیک شاری هاوینەهەواری ئیلاتی سەر دەریای سوورەوە.
ئەم بڕیارەی ئیسڕائیل دوای فشارەکانی ئەمەریکا دێت بۆ کەمکردنەوەی کۆتوبەندەکانی سەر گەشتکردنی فەڵەستینییەکان لەڕێی بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکانی ئیسڕائیلەوە، بە فڕۆکەخانەی بێن گوریۆنیشەوە کە فڕۆکەخانەیەکی سەرەکی ئیسڕائیلە.
فەڵەستینییەکان لەڕێی ئوردنەوە گەشتی دەرەوە دەکەن، بەڵام زۆرجار تێپەڕبوونیان بە خاڵە سنوورییەکاندا دوادەکەوێت.
سەرۆک وەزیری دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان موحەمەد شەتییە گوتی " ئەگەر داگیرکەر دەیەوێت کارئاسانی بۆ فەڵەستینییەکان بکات با بچێت فڕۆکەخانەی قودس بکاتەوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ فڕۆکەخانەی قەلەندیا لە بەشی باکووری کەناراوەکانی ڕۆژئاوا کە ئێستا بەکارناهێندرێت.
دوای جەنگەکەی ساڵی 1967 ئیسڕائیل ئەو فڕۆکەخانەیەی کۆنتڕۆڵ کرد، ئەو جەنگەش بووە هۆی ئەوەی ئیسڕائیل دەست بەسەر کەناراوەکانی ڕۆژئاوادا بگرێت. فڕۆکەخانەکەش لە ساڵی 2000 دا داخرا.
پێشنیارەکەی ئیسڕائیل بۆ فەڵەستینییەکان بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی ڕامۆن، بۆ هەندێک لە گەشتەکان، لەلایەن زۆرێک لە چالاکەوانە فەڵەستینییەکانەوە ڕەخنەی لێگیراوە کە دەڵێن هیچ شتێک لە کۆتوبەندە قورسەکانی سەر گەشتکردنی فەڵەستینییەکان کەم ناکاتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز