Accessibility links

ئەردۆغان سەرکۆنەی " دەستوەردانی " ئیسڕائیل دەکات لە مزگەوتی ئەل ئەقسا


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی بە سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباسی وتووە کە سەرکۆنەی " دەستوەردانەکانی ئیسڕائیل دەکات دژی پەڕستیارانی " مزگەوتی ئەل ئەقسا و هەڕەشەکان بۆ سەر " پێگە و پیرۆزی " مزگەوتەکە.

لێدوانەکەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە لەم هەفتانەی دواییدا تورکیا و ئیسڕائیل هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان داوە.

ڕۆژی هەینی بەهۆی پێکدادانەکانی هێزەکانی ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکانەوە لە مزگەوتی ئەل ئەقسا لانی کەم 152 فەڵەستینی برینداربوون.

ڕێکخراوی مانگی سووری فەڵەستین وتی زۆربەی ئەو فەڵەستینیانەی کە برینداربوون بەهۆی فیشەکی لاستیکی و بۆمبی دەنگ و لێدانەوە لەلایەن پۆلیسەکانی ئیسڕائیلەوە برینداربوون.

ئەردۆغان وتی " لەمیانەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەماندا، بە بەڕێز عەباسم وت بە توندی سەرکۆنەی دەستوەردانەکەی ئیسڕائیل دەکەم دژی پەڕستیارانی مزگەوتی ئەل ئەقسا و دژی کاری وروژێنەر و هەڕەشەکانم بۆ سەر پێگە و پیرۆزی مزگەوتەکە."

وتیشی " تورکیا هەمیشە لەپاڵ فەڵەستیندا دەوەستێت."

دواتر ئەردۆغان وتی لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێشدا تاوتوێی ڕووداوەکانی مزگەوتی ئەل ئەقسای کردووە، وتیشی " دەستوەردان و کارە وروژێنەرەکان " ئەنجامێکیان دەبێت کە " جێی قبوڵکردن نین."

لە ڕابردوودا تورکیا کۆمەڵێک دەستپێشخەری کردووە لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامیدا دژی کردەوەکانی ئیسڕائیل بەرامبەر فەڵەستینییەکان و سیاسەتەکانی ئیسڕائیل لەسەر ئۆرشەلیم و پێگەکەی.

لە ساڵی 2018 دا ئیسڕائیل و تورکیا باڵیۆزەکانیان لە وڵاتەکانیان دەرکرد، ئەوەش بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوە لەسەر فەڵەستینیەکان، تورکیا پشتیوانی لە گروپی چەکداری حەماس دەکات کە غەزە بەڕێوە دەبات، هەروەها لە کۆمەڵێک بابەتی دیکەشدا ناکۆکن.

تورکیا کە پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات بۆ ململانێکانی نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسڕائیل، وتوویەتی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئیسڕائیلدا یارمەتیدەر دەبێت لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ بابەتەکە، بەڵام ئاماژەشی بەوەداوە کە دەستبەرداری فەڵەستینییەکان نابێت بۆ پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ ئیسڕائیلدا.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگدا کۆبۆوە و پێی وت ئەنقەرە پێشبینی ئەوە دەکات بەرپرسانی ئیسڕائیل لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا هەستیار بن بەرامبەر مزگەوتی ئەل ئەقسا و ڕێگە بە فەڵەستینییەکان بدەن بچنە ئیسڕائیلەوە.

مانگی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی لەگەڵ وەزیری ئابووری تورکیا فاتیح دۆنمیزدا لە ناوەڕاستی مانگی پێنجدا سەردانی ئیسڕائیل دەکات و تاوتوێی دووبارە گەڕاندنەوەی باڵیۆزەکانی وڵاتەکانیان دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG