سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس وتی نیازی حەماس لە بەرژەوەندی حکومەتی فەڵەستیندا نیە و خەڵکانێک هەن هانی دەدەن بەپێی حکومەت نەجوڵێتەوە و هەندێک هەن دەڵێن دۆسییەکە تەنها مرۆییە لە غەززەدا.
مەحمود عەباس وتی " بەپێی ڕێکەوتنەکانی پێشوو تەنها بە یەک حکومەت و یەک بەرژەوەندی و یەک چەک ڕازی دەبین لە غەززەدا بەبێ ملیشیاکانی ئێرە و ئەوێ."
لەلایەکی دیکەوە عەباس ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت سەبارەت بە پێشنیارەکانی بۆ کەمکردنەوەی بارودۆخە مرۆییە خراپەکەی غەززە.
بەپێی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد پرێس، عەباس سەبارەت بە بەرپرسانی ئەمەریکی وتی " سوێند بەخوا ئەوا ڕاستگۆ نین."
جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بەڵێنیدا بگاتە ڕێکەوتنێکی کۆتایی لەنێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیلدا، بەڵام عەباس وتی ئەمەریکا هەوڵدەدات پڕۆژەی یارمەتییەکانی بۆ غەززە لە خزمەتی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیدا بێت.
فەڵەستینیەکان ئەمەریکایان ڕەت کردەوە کە وەک نێوەندگیری ئاشتی کار بکات لەنێوان فەڵەستین و ئیسڕائیلدا، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئۆرشەلیمی وەکو پایتەختی ئیسڕائیل ڕاگەیاند و باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە تەل ئەڤیڤەوە گواستەوە بۆ ئۆرشەلیم.
سەرچاوە/ سکای نیوز