Accessibility links

دادگای باڵای پاکستان تۆمەتباری کوشتنی ڕۆژنامەوانێکی ئەمەریکایی بەبێ تاوان دادەنێت


باوکی تۆمەتبارەکە لە بەردەم دادگای باڵا لە ئیسلام ئاباد لە کاتی چاوەڕێکردنی بڕیاری دادگاکە، پـێنجشەممە 28 ی مانگی یەکی 2021

دادگای باڵای پاکستان ئەو تانانەی ڕەتکردووەتەوە کە پـێی گەیشتبوو لە بارەی تۆمەتبارێکەوە کە لەلایەن دادگایەکی وڵاتەکەوە بەبێ تاوان دانرابوو لە کوشتنی ڕۆژنامەوانێکی ئەمەریکایی.

مەحمود شێخ کە یەکێکە لە پارێزەرانی تۆمەتبارەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت دادگای باڵا بڕیاری دا ئەحمەد سەعید شێخ لە کەیسی کوشتنی دانیال پـێڕڵ ڕۆژنامەوانی ئەمەریکایی هیچ تاوانێکی نەکردووە، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات لە بەردەم ئازادکردنی شێخ و 3 تۆمەتباری دیکە.

دانیال پـێڕڵ لە ساڵی 2002 بەڕێوەبەری ئۆفیسی باشوری ئاسیای ڕۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵ بوو کە بارەگاکەی لە شاری مۆمبای هندستان بوو، ڕۆیشت بۆ پاکستان تاوەکو ڕاپـۆرتێک بنووسیت لەسەر پەیوەندیـیەکانی نێوان تێرۆستێکی بەریتانی و ڕێکخراوی ئەلقاعیدە. لە 23 ی مانگی یەکی 2002 لە ڕێستورانتێکی شاری کەراچی ڕفێندرا و پاشان ڕفێنەرانی داوای ئازادکردنی هەموو دەستگیرکراوانی پاکستانیان لە ئەمەریکا کرد. دوای کەمتر لە دوو هەفتە سەریان بڕی و تەرمەکەیان 10 پارچە کرد و لە قەراغ شاری کەراچی فڕیان دابوو.

ئەحمەد سەعید شێخ و 3 تۆمەتبارەکەی دیکە لە ساڵی 2002 لەلایەن دادگایەکی پاکستانەوە بڕیاری سزای لەسێدارەدانیان بۆ درا، بەڵام لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوو لە لایەن دادگایەکەوە لە هەرێمی سند بڕیاری لەسێدارەدانەکانی هەڵوەشاندەوە و سزای ناوبراوی کرد بە 7 ساڵ زیندانی. پاشان لە مانگی دوازدە هەمان دادگا بەبێ تاوان ناودێریکردن و گوتی لەم تاوانە هیچ بەڵگەیان لەسەر نیـیە. بەڵام دەسەڵاتدارانی پاکستان هەر چواریانیان لە زیندان هێشتنەوە و کۆمەڵێک تانە لە بڕیاری دادگاکە گیرا و ڕەوانەی دادگای باڵا کران.

کەسوکاری ڕۆژنامەوانە ئەمەریکایـیەکە دەڵێن بڕیارەکەی دادگا ڕەتکردنەوەی دادپەروەریـیە، بۆیە داوا لە حکومەتی ئەمەریکا دەکەن ڕۆڵی خۆی ببینێت.

XS
SM
MD
LG