Accessibility links

پاکستان دەڵێت سەرۆک ترامپ داوای لە وڵاتەکەیان کردووە یارمەتی بدات لە کۆتایی‌هێنان بە شەڕی ئەفغانستان


وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ نامەیەکی ئاڕاستەی عمران ئەحمەد خان سەرۆک وەزیری پاکستان کردووە و تیایدا داوای یارمەتی وڵاتەکەی لێکردووە بۆ کۆتایی‌هێنان بە شەڕ لە ئەفغانستان.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی سەرۆکی ئەمەریکا دانی‌ناوە بەوەی شەڕی ئەفغانستان زۆر لەسەر ئەمەریکا و پاکستان کەوتووە. ڕاگەیاندنەکە دەڵێت پاکستان لە هەر وتووێژێکدا یارمەتی دەدات بە "مەرامی باش" بکرێت.

فوئاد چودەری وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووە سەرۆکی ئەمەریکا داوایکردووە پاکستان یارمەتی بدات لە قایلکردنی تاڵیبان لەوەی بەشداری بکات لە وتووێژەکاندا. گوتیشی سەرۆک ترامپ جەختی کردووەتە سەر گرنگی پاکستان بۆ ئەمەریکا و مەسەلەی دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ شەڕی ئەفغانستان.

ڕۆیتەرز دەڵێت باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئیسلام ئاباد ئامادە نەبووە لە بارەی ئەو نامەیەوە لێدوان بدات.

واشنتن لەو بڕوایەدایە کاربەدەستانی پاکستان چاوپـۆشی یان هەماهەنگی لەگەڵ ئەو گروپە توندڕەوانە دەکەن، ئەوانەی هێرشی چەکداری لە ناو ئەفغانستان ئەنجام دەدەن.

مانگی نۆی ڕابردوو، بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ بڕیاری دا یارمەتیـیەکی ئەمەریکا بە بەهای 300 ملیۆن دۆلار بۆ پاکستان هەڵبوەشێنێتەوە.

بەڵام عمران خان دەڵێت پاکستان 75 هەزار کەسی لەم شەڕە بەرکەوتوون و ئابوری پاکستان زیاتر لە 123 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.

XS
SM
MD
LG