Accessibility links

سەرۆک وەزیری پـێشووی پاکستان لەسەر گەندڵی حوکمی 10 ساڵ زیندانی درا


دادگای دژە گەندەڵی لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بڕیاری دا نەواز شەریف سەرۆک وەزیری پـێشووی وڵاتەکەیان 10 ساڵ زیندانی بکرێت بە تۆمەتی گەندەڵی و کڕینی موڵک لە دەرەوەی وڵات.

دادوەر محەمەد بەشیر ئەمڕۆ هەینی لە بەیانـنامەیەکی نووسراودا ڕایگەیاند نەواز شەریف و خێزانەکەی ئەو سەرچاوە دارایـیەی خۆیان ئاشکرا نەکردووە کە بەکاریانهێناوە بۆ کڕینی موڵک و ماڵی گرانبەها لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، وە هەروەها دەزگای باجی وڵاتەکەیان لە کڕینی ئەو موڵکانە ئاگادار نەکردووەتەوە.

بۆیە دادگا بڕیاری دا نەواز شەریف 10 ساڵ زیندانی بکرێت و لەگەڵیدا نزیکەی 10.6 ملیۆن دۆلار وەک سزای دارایـیش بدات بە دەوڵەت. هەروەها مریەمی کچیشی حوکمی 7 ساڵ زیندانی درا لەسەر کەیسێک کە پەیوەندی بە دزەپـێکردنی بەڵگەنامە هەیە لە کۆمپانیایەکی پارێزەری لە پەنەما، لەگەڵ ئەو سزایەش دەبێت نزیکەی 2.6 ملیۆن دۆلار وەک سزای دارایی بە دەوڵەت بدات. هەروەها محەمەد سەفدەری هاوسەری مریەم ئەویش حوکمی یەک ساڵ زیندانی درا بە تۆمەتی پـێدانی زانیاری نادوروست بە لێکۆڵەرەوان.

لەگەڵ ئەو سزایانەش دادوەر بڕیاری دا هەموو سەروەت و سامانی خێزانی شەریف دەسـتیان‌بەسەردابگیرێت.

ئەم سزایانە لە کاتێکدا دران نەواز شەریف لە دەرەوەی وڵاتە لەگەڵ هاوسەرەکەی کە لە ئێستادا چارەسەری پـزیشکی بۆ دەکرێت.

پارتی یەکگرتووی ئیسلامی پاکستان (ن) کە شەهباز شەریفی برای نەواز شەریف ڕابەرایەتی دەکات بە توندی بڕیارەکانی دادگاکەی سەرزەنشتکرد و گوتی" ئەوە ستەمێکی گەورەیە لە ڕێبەرێکی پێشووی ناسراو دەکرێت." گوتیشی هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی و دەستوری لە دژی بڕیارەکانی ئەو دادگایە دەگرنەبەر.

بەڵام عومران خان سەرۆکی پارتی تەحریک ئینساف کە خوازیارە ببێت بە سەرۆک وەزیری داهاتووی پاکستان، پشتیوانی لە بڕیارەکەی دادگا کرد و گوتی " ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵین کە دزێکی گەورە سزا درا."

بڕیارە لە 25 ی مانگی حەوت هەڵبژاردنی گشتی لە پاکستان سازبکرێت.

XS
SM
MD
LG