Accessibility links

تاڵیبان لە بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشی سەر زانکۆکەی پاکستان پاشگەزدەبێتەوە


کاربەدەسـتان لە پاکسـتان دەڵێن لە هێرشێـکی تێرۆرسـتی بۆ سەر زانکۆیەک لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە بە لایەنی کەم 21 کەس گیانیان لەدەسـتداوە و زیاتر لە 30 کەسی دیکە برینداربوون.

پـۆلیس ڕایگەیاند ئەمڕۆ چوراشەممە لە دەوروبەری 9 ی بەیانی گروپـێـکی تێرۆرسـتی چوار کەسی کە دووانیان خۆکوژبوون و بۆمبیان لە خۆیان بەستبوو، هەڵیان‌کوتایە سەر زانکۆی باچا خان و بەشە ناوخۆکەی لە شارۆچکەی چارسادا و پاشان کەوتوونەتە تەقەکردن لە خوێندکاران و مامۆسـتاکان.

سەرەتا گوتەبێژێـکی تاڵیبانی پاکسـتان بەرپـرسیارێتی گروپەکەیانی لە هێرشەکە ڕاگەیاند، بەڵام دواتر گوتەبێژێـکی دیکەیان ڕەتی کردەوە ئەوان لە پشـت هێرشەکەوە بووبن و گوتی ئیسلام هێرشی لەو جۆرە ڕەتدەکاتەوە.

لەشکر لای خۆیەوە لە پاش چوار کاژمێر لە هێرشەکە ڕایگەیاند زانکۆکەیان باش پشـکنیوە و هیچ مەترسـیەک نەماوە و 4 تێرۆرستەکە کوژراون.

عائیشە تەنزیم پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لەو ناوچەیە گوتی ژمارەیەک لە قوربانیـیەکان جگە لەوەی گولـلە بە جەستەیانەوە بوو، چەقۆ و قەمەشیان لێدرابوو. زۆربەشیان گولـلە بەر سەریانەوە نراوە.

کاربەدەسـتێـکی ئاسایشی بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت بەهۆی سەختی برینی زۆرێـک لە بریندارەکان ڕەنگە ژمارەی کوژراوەکان بگاتە 40 کەس.

ژمارەیەک خوێندکار قسەیان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد و گوتیان بە چاوی خۆیان هێرشبەرەکانیان بینیبوو کە چۆن بە کلاشینکۆڤەوە بەسەر دیواری بەشە ناوخۆیەکەیان هەڵگەڕاون و هێرشیان بۆ بردوون.

جێی ئاماژەیە ئەو زانکۆیە زیاتر لە 3 هەزار خوێندکار تیایدا دەخوێنن و ئەمڕۆ چوارشەممە نزیکەی 600 کەسیش میوانیان بوو، بەبۆنەی سازکردنی کۆڕێـکی شیعری لە زانکۆکەدا.

XS
SM
MD
LG