Accessibility links

سەرۆک وەزیری پاکستان داوا لە ئەمەریکا و چین دەکات گرژییەکان کەم بکەنەوە


سەرۆک وەزیری پاکستان عیمران خان وتی وڵاتەکەی دەیەوێت یارمەتی بدات لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و چیندا.

خان لە سیمینارێکی ئاسایشدا لە ئیسلامئاباد وتی ڕکابەرایەتیەکەی نێوان چین و ئەمەریکا " بەرەو جەنگێکی دیکەی سارد دەچێت و دووبارە بەرەی نوێ دروست دەبێتەوە."

وتیشی پاکستان نایەوێت " بکەوێتە " جەنگێکی دیکەی ساردەوە وەکو ئەوەی چۆن لە ڕابردوودا چووە پاڵ هاوپەیمانێتی ڕۆژئاوا بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دژی یەکێتی سۆڤییەت.

وتی " پاکستان دەبێت هەوڵی تەواوی خۆی بدات دروستبوونی ئەم بەرانە بوەستێنێت. نابێت بچینە هیچ بەرەیەکەوە."

لێدوانەکانی پاکستان ڕۆژێک دوای ئەوە هات حکومەتەکەی ڕایگەیاند بەشداری کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەکەی ئەمەریکا سەبارەت بە دیموکراسی ناکات، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەمەریکا تایوانی بانگهێشت کردووە نەک چین.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان باسی لە هیچ هۆکارێک نەکردووە سەبارەت بە بەشداری نەکردنی وڵاتەکە لەو کۆبوونەوەیەدا، بەڵام بەرپرسێکی حکومەتی پاکستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی بەشداریکردنی تایوان لەگەڵ هەڵوێستی پاکستاندا یەکناگرێتەوە کە تیایدا پشتیوانی لە سیاسەتی " یەک چین " دەکات.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وتی " بەردەوام دەبین لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەوانەی بەشداری دەکەن و ئەوانەشی کە بەشداری ناکەن، ئەوەش بەمەبەستی باسکردن لە چۆنێتی بەهێزکردنی دیموکراسی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرڤ و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG