Accessibility links

پاکستان دەڵێت ئەمەریکا بەبێ ئەو ناتوانێت جەنگی دژ بە تیرۆر بباتەوە


پاکستان بەڵێنیدا لەگەڵ ئەمەریکادا بمێنێتەوە بۆ یارمەتیدانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەفغانستان، بەڵام وتیشی بەبێ پاکستان ناتوانرێت جەنگەکە ببرێتەوە.

وەزیری دەرەوەی پاکستان خەواجە عەسیف لە کۆتایی کۆنفرانسە سێ ڕۆژییەکەی باڵیۆزەکانی دەرەوەی پاکستاندا ئەم لێدوانانەیدا کە بۆ دروستکردنی تێگەیشتنێک لە سیاسەتە نوێیەکەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان ساز درابوو.

سەرۆکی ئەمەریکا کاتێک سیاسەتی نوێی ئەمەریکای لە ئەفغانستان ڕاگەیاند ڕەخنەی لە پاکستان گرت و ئیسلام ئابادی بەوە تۆمەتبارکرد کە داڵدەی تیرۆریستانی تاڵیبان و تۆڕی تیرۆریستی حەقانی دەداتەوە کە هۆکاری سەرەکی بەربەست خستنە بەردەم هەوڵەکانی هێزەکانی هاوپەیمانانە لە ئەفغانستان و هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

تۆمەتەکان بوونە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئیسلام ئاباد بەشێوەیەک تێک بچێت.

وەزیری دەرەوەی پاکستان عەسیف وتی " دەمانەوێت لەگەڵ ئەمەریکادا بمێنینەوە. هیچ گومانێک لەوەدا نیە. بەڵام ئەم پەیوەندییە بەهۆی بەرژەوەندییەکانی پاکستانەوە دەبێت. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکمان هەبێت کە لە ڕێزگرتنێکی هاوبەشەوە سەرچاوەی گرتبێت."

دووبارە هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە گوایە پاکستان داڵدەی ئەو تیرۆریستانە دەداتەوە کە پلانی هێرشەکان دادەنێن لە ئەفغانستان. عەسیف باسی لەوەش کرد کە هەزاران هاوڵاتی پاکستانی لە هێرشە تیرۆریستییەکاندا گیانیان لەدەستداوە لە هێزەکانی ئاسایشیش و هەروەها ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووریش بۆتەوە بەهۆی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە.

عەسیف وتی " پێم وایە ئەو خەڵکانەی لە واشنتن دانیشتوون لەوە تێناگەن، پێم وایە ئەوان ئەوە نابینن ، ئەوان ئەوە نابینن کە لەم هەرێمەدا ڕوودەدات."

عەسیف داوای لە ئەمەریکا کرد ڕێز لە قوربانیدانەکانی پاکستان بگرێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا و لۆمەی وڵاتەکەی نەکات لە شکستهێنانی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە ئەفغانستان.

وتی " ئەمەریکا دەبێت بە ڕۆڵی پاکستان بزانێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا و ئەزموونی ئێمە بەکاربهێنێت بۆ بردنەوە لەم جەنگەی دژی تیرۆریستاندا چونکە بەنەبوونی پاکستان یاخوود بە ڕووبەڕووبوونەوەی پاکستان ئەم جەنگە ناتوانرێت ببرێتەوە."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG