Accessibility links

پۆلیس: لە پێکدادانی دوو شەمەندەفەردا لە پاکستان لانی کەم 30 کەس گیانیان لەدەست دا


پۆلیسی پاکستان وتی بەهۆی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەوە لە باشووری پاکستان 30 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکە برینداربوون.

بەرپرسانی کەرتی هێڵی ئاسنینی پاکستان وتیان شەمەندەفەرەکە لە کاراچییەوە هاتووە و لەنزیک داهارکی باکووری هەرێمی سەند لەسەر هێڵەکەی خۆی لایداوە و خۆی کێشاوە بە شەمەندەفەرێکی دیکەدا کە بە پێچەوانەی ئەو ئاڕاستەیەوە هاتووە.

بەرپرسی پۆلیسی داهارکی ئاماژەی بەوەدا بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان لانی کەم 30 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ڕووداوی شەمەندەفەرەکان لە پاکستان شتێکی باوە، هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی وەبەرهێنان و خراپ بەڕێوەبردنی هێڵەکان و گەندەڵییەوە.

لە ساڵی 2019 دا بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە لە شەمەندەفەرێکدا کە لە کاراچیەوە دەڕۆیشت بۆ ڕاوالپیندی لانی کەم 75 کەس گیانیان لەدەستدا.

لە ساڵی 2016 دا دوو شەمەندەفەر کە سەدان خەڵکیان تێدا بوو لە کاراچی خۆیان کێشا بە یەکتردا و 21 کەس گیانیان لەدەستدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG