Accessibility links

لە بەلوچستانی پاکستان کۆمەڵە چەکدارێک هێرش دەکەنە سەر شەمەندەفەرێک


ڕۆژی سێشەممە کۆمەڵە چەکدارێک هێرشییان کردە سەر شەمەندەفەرێک لە پارێزگای بەلوچستانی باشووری ڕۆژهەڵاتی پاکستان و چەندین کەسییان بە بارمتە گرت.

بەرپرسان دەڵێن شەمەندەفەری جەعفەر ئێکسپرێس لە کوێتای پایتەختی بالوچستانەوە گەشتی کردووە بۆ پێشاواری پایتەختی کیبەر پاختونخوا، کاتێک چەند کاتژمێرێک دوای دەرچوونی لەلایەن چەکدارەکانەوە تەقەی لێکرا.

شەمەندەفەرەکە نزیکەی 450 سەرنشینی پێبووە، ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشیشی تێدا بووە.

کەناڵی تەفیزیۆنی پاکستان، لە زاری سەرچاوە ئاسایشییەکانەوە بڵاویکردەوە چەکدارەکان سەرنشینەکانییان لە شەمەندەفەرەکەدا وەکو بارمتە گرتووە، شەمەندەفەرەکە لە ناو تونێلێکدا گیری خواردووە، ئۆپەراسیۆنێکی پاککردنەوەش دەستی پێکردووە.

سوپای ئازادیخوازی بالوچ بە خێرایی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند. وتی هێڵەکەیان تەقاندووەتەوە و سەرنشینەکانیشیان بە بارمتە گرتووە.

پێشتر بەرپرسانی هێڵی ئاسنینی پاکستان بە دەنگی ئەمەریکایان وت کە شۆفێری شەمەندەفەرەکە بریندار بووە.

جێگری کۆنتڕۆڵەری هێڵی ئاسنینی پاکستان محەمەد شەریفوڵا لە کوێتا بە دەنگی ئەمەریکای وت " تەلەفون و ئینتەرنێت ئیش ناکەن، بە داخەوە ناتوانین پەیوەندی بە ستافی شەمەندەفەرەکەوە بکەین."

وتەبێژی پارێزگاکە وتی هێزەکانی ئاسایش و شەمەندەفەرێکی فریاگوزاری و ئوتومبێلەکانی فریاکەوتنی خێرا ڕەوانە کراون. گەیشتن بە شوێنی هێرشەکە قورسە چونکە کەوتووەتە ناوچەیەکی شاخاوییەوە.

سوپای ئازادیخوازی بالوچ شەڕێکی کوشندەی یاخیبوون دژی دەوڵەت پاکستان دەکەن، حکومەت تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی دزینی سەرچاوە سروشتییەکانی ناوچەکەیان. هەروەها دژایەتی وەبەرهێنانی چینی دەکەن لە پارێزگاکەدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG