Accessibility links

بەهۆی وەرگەڕانی ڤانێکەوە لە پاکستان 22 کەس گیانیان لەدەستدا


بەرپرسانی پاکستان دەڵێن بەهۆی وەرگەڕانی ڤانێکەوە بۆ ناو دۆڵێک لە باشووری ڕۆژئاوای پاکستان لانی کەم 22 کەس گیانیان لەدەستداوە، نۆ کەسییان ئەندامی یەک خێزان بوون.

بەرپرسەکان وتیان ڕووداوەکە وادەردەکەوێت بەهۆی تیژڕەوییەوە بوو بێت لەسەر ڕێگای خێرای نێوان کوێتا و ژۆب لە ناحیەی کیڵا سەیفوڵا لە هەرێمی بالوچستان، بەڵام هێشتا هۆکاری ڕووداوەکە بەدیاریکراوی نەزاندراوە.

کۆمسیاری ناحیەی کیڵا سەیفوڵا حافیز قاسم بە ڕۆیتەرزی وت " ئافرەت و منداڵ لەنێو ئەوانەدا بوون کە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە."

پزیشکێکیش بە ڕۆیتەرزی وت بریندارێک هەبووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەدەنی کوێتا کراوە و بارودۆخی خراپە.

ڕووداوە کوشندەکانی هاتوچۆ لە پاکستان شتێکی باون، ئەوەش بەهۆی ئەوەی یاساکانی هاتوچۆ بەشێوەیەکی بەرچاو پشتگوێ خراون و شەقامەکانی ناوچە گوندنشینەکان لە بارودۆخێکی خراپدان.

سەرۆکی پاکستان عارف ئاڵڤی فەرمانی بە بەرپرسان کرد ئامادەکاری بکەن بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی سەرنشینەکان بە خێزانەکانیان.

لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوودا پاسێکی پڕ لە سەرنشین کە زۆربەیان کرێکار بوون لە شەقامێکی خێرای قەرەباڵغی ناوەڕاستی پاکستان خۆی کێشا بە بارهەڵگرێکدا و لە ئەنجامدا لانی کەم 33 کەس گیانیان لەدەستدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG