Accessibility links

تالیبانی پاکستان هەواڵی کوژرانی جێگری ڕێبەری بزوتنەوەکەیان پشـتڕاست دەکاتەوە


بزوتنەوەی تالیبانی پاکستان پـشتڕاستیکردەوە جێگری ڕێبەری بزوتنەوەکەیان کوژراوە بە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە پـێدەچێت ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو ئەنجامی دابێت.

محەمەد خوراسانی گوتەبێژی بزوتنەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووە خالید مەحسود بە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کوژراوە لە هەرێمی وەزیرستانی باکور لە پاکستان لە نزیک سنووری ئەفغانستان.

گوتیشی مەلا فەزڵوڵڵا ڕێبەری تالیبانی پاکستان "موفتی نور والی والی" لە شوێنی مەحسود داناوە و ئیدی ئەو ڕێبەرایەتی ئەندامانی بزوتنەوەکەیان دەکات لە وەزیرستانی باشور، ئەو ناوچەیەی لە مێژەوە بووەتە پەناگەی توندڕەوانی پاکستانی و ئەفغانی و بیانی سەر بە ئەلقاعیدە، ئەمەش بەهۆی سەختی ناوچەکە کە چیا و دۆڵێکی زۆری هەیە.

پـێشتر کاربەدەستانی ئاسایشی پاکستان گوتیان ڕۆژی پـێنجشەممە دوو هێرشی موشەکی کراوە لە هەرێمی پاکتیکای ئەفغانستان لە نزیک سنووری وڵاتەکەیان و گومان دەکرێت ئەمەریکا ئەنجامی دابن و لە ئاکامدا خالید مەحسود کوژراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG