Accessibility links

لە هێرشێکی تاڵیبان بۆ سەر کۆلێژێک لە شاری پـیشاوەری پاکستان 9 کەس کوژران

  • VOA News

ژمارەیەک چەکداری تاڵیبانی پاکستان هێرشیان کردووەتە سەر کۆمەڵە بینای کۆلێژێک لە شاری پـیشاوەری هەرێمی خەیبەر پەختوون‌خوای باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە و لە ئاکامدا 9 کەس کوژراون و 38 کەسی دیکە برینداربوون.

سەڵاحەدین خان مەحسود بەڕێوەبەری پـۆلیسی هەرێمی پەختوون‌خوا بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند ئەمڕۆ هەینی 3 چەکدار کە جلوبەرگی بورقەیان پـۆشیبوو هێرشیان کردە سەر کۆمەڵە بینای کۆلێژی ڕاهێنانی کشتوکاڵی لە پـیشاوەر و سەرەتا تەقەیان لە پاسەوانی بەردەم دەروازەی کۆلیژەکە کرد و برینداریان کرد و پاشان چوونە ناوەوە و خوێندکارەکانیان کردە ئامانج.

گوتیشی هەرسێ چەکدارەکە هێلەکی بۆمبڕێژکراویان لە خۆیان بەستبوو، بەڵام کوژران بەر لەوەی بتوانن خۆیان بتەقێنـنەوە.

باسی لە قوربانیـیەکانیش کرد و گوتی 6 خوێندکار و کەسێکی سیڤیل و پاسەوانێک گیانیان لەدەست داوە. گوتیشی کوژراوێکی دیکە هەیە، بەڵام هێشتا ناسنامەکەیان بۆ ئاشکرا نەبووە، وە ئایا ئەویش لەگەڵ هێرشبەرەکاندا بووە یان نا.

گوتەبێژانی دوو نەخۆشخانەی شارەکە کە کوژراو و بریندارەکانیان بۆ براون، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسیان گوتووە 9 تەرم و 38 برینداری ڕووداوەکە وان نەخۆشخانەکانیان.

محەمەد خوراسانی گوتەبێژی تاڵیبانی پاکستان لە پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنیدا بە فڕانس پـرێسی گوتووە چەکدارانی سەر بە گروپەکەیان هێرشەکەیان ئەنجام داوە. گوتوشیەتی بینای کۆلێژەکە لە لایەن دەزگای هەواڵگری لەشکرەوە بەکاردەهێنرێت.

بەڵام خوێندکارانی کۆلێژەکە بە فڕانس پـرێسیان گوتووە چەکدارەکان ئەوانیان کردبووە ئامانج.

نور والی کە خوێندکارێکی تەمەن 19 ساڵە و لە بەشی ناوخۆی کۆلێژەکە گوتی" بە دەنگی تەقەکان لە خەو هەستام و ڕامکردە دەرەوەی ژورەکەمان و بینیم هاوڕێیەکم و قوڵپەی خوێن لەسەر شانیـیەوە دەهات و بە پەلە لەگەڵ هاوڕێـیەکی دیکەم هەڵمانگرتەوە و لە ترسدا بۆ ماوەی نزیکەی یەک کاژمێر خۆمان شاردەوە و دەمی هاوڕێ بریندارەکەمان گرت و پـێمان گوت هاوار نەکات تاوەکو شوێنەکەمان ئاشکرا نەبێت و تێرۆرستەکان نەیەن بمانکوژن."

XS
SM
MD
LG