Accessibility links

کاربەدەستان: ڕێبەری تاڵیبانی پاکستان کوژراوە


کاربەدەستێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان دەڵێت بە هێرشێکی ئاسمانی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە ناوچەیەکی هەرێمی کوناری باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە مەلا فەزڵوڵڵای ڕێبەری تاڵیبانی پاکستان کوژراوە.

کاربەدەستەکە ئەمڕۆ هەینی ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ڕاگەیاند. هاوکات محەمەد ڕادمانیش گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان ئەویش بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتووە فەزڵوڵڵا و دوو چەکداری دیکە بە هێرشەکەی ئەمەریکا لە بەرەبەیانی ڕۆژی پـێنجشەممە کوژراون.

لە لایەکی دیکە کۆلۆنێل مارتن گوتەبێژی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان گوتی پـێنجشەممە ڕێبەرێکی گەورەی ڕێکخراوێکی تێرۆرستی بە هێرشێکی ئاسمانی لە نزیک سنووری نێوان ئەفغانستان و پاکستان کراوەتە ئامانج.

ئەندامێکی تاڵیبانی پاکستان ئەمڕۆ بە ڕێگەی تەلەفون بە ڕۆیتەرزی گوتووە گروپەکەیان هەوڵ دەدات لە ئەفغانستانەوە زانیاری لە بارەی ئەم هەواڵە دەسـتبکەوێت. زۆربەی چەکدارانی تاڵیبانی پاکستان لە ئێستادا لە ئەفغانستانن.

جێی ئاماژەیە فەزڵوڵڵا لە مانگی یازدەی ساڵی 2013 وە ڕێبەری تاڵیبانی پاکستانە و بەرپـرسیارە لە چەندان کاری تێرۆرستی، لەوانە هێرشە خوێناویەکەی ساڵی 2014 ، ئەوەی کرایە سەر خوێندنگەیەک لە پـیشاور و بەهۆیەوە زیاتر لە 150 کەس کوژران کە 130 کەسیان خوێندکاربوون.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مانگی سێی ئەمساڵ بڕیاری دا 5 ملیۆن دۆلار وەک خەڵات بدات بە هەر کەسێک زانیاری لە بارەی فەزڵوڵڵا بدات.

XS
SM
MD
LG