پۆلیس و بەرپرسانی فریاکەوتنی پاکستان ڕایانگەیاند بەهۆی تەقینەوەیەکی خۆکوژییەوە لە گردبوونەوەیەکی سیاسییدا لە هەرێمی خیبەر پاختونخوای باکووری ڕۆژئاوای پاکستان لانیکەم 42 کەس کوژراون و زیاتر لە 130 کەسی دیکە بریندار بوون.
تەقینەوەکە لە ناوچەی باجاور بووە کە سنووری بە ئەفغانستانەوەیە، هەروەها لە ماوەی گردبوونەوەیەکی پارتی پارێزگارانی جامیعەت عولەما ئیسلام – فازیلدا ڕوویداوە، کە بەوە ناسراوە پەیوەندیی لەگەڵ ئیسلامی سیاسییدا هەیە.
ئەفسەری پۆلیسی ناوچەکە نازیر خان وتی باری نائاسایی لە نەخۆشخانەکانی باجاور و ناوچەکانی دەوروبەریدا ڕاگەیەندراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زۆربەی بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ئەو ناوچانە کراون. ئەو کەسانەی کە بە سەختی بریندار بوون لە باجاورەوە لە ڕێی فڕۆکەی هێلیکۆپتەری سەربازییەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی پیشاواری پایتەختی هەرێمەکە.
دەزگای فریاکەوتنی 1122 لە بەیاننامەیەکدا وتی 42 کەس گیانییان لە دەستداوە.
خان وتیشی بەهۆی تەقینەوەکەوە زیاتر لە 130 کەس بریندار بوون، زۆربەیان برینەکانییان سەختە.
سەرۆکی پۆلیسی هەرێمەکە ئەختەر حەیات بە ڕۆیتەرزی وت هۆکاری تەقینەوەکە بۆمبێکی خۆکوژی بووە.
لە ساڵی ڕابردووەوە پاکستان ڕووبەڕووی سەرهەڵدانەوەی هێرشی چەکدارە ئیسلامییەکان بووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاگربەستی نێوان گروپی تەحریکێ تاڵیبانی پاکستان و ئیسلامئاباد شکستی هێنا. لەم ساڵدا بەهۆی تەقینەوەکانەوە لە مزگەوتەکانی پیشاوار زیاتر لە 100 کەس گیانییان لە دەستداوە.
لە کاتێکدا کە تەحریکێ تاڵیبانی پاکستان و گروپە چەکدارییەکانی سەر بە تەهریکی تاڵیبانی پاکستان لە پشت زۆربەی هێرشەکانی پاکستانەوە بوون لەم چەند مانگەی ڕابردوودا، گروپەکە ڕەتی کردەوە بەرپرس بووبێت لە تەقینەوە خۆکوژییەکەی ڕۆژی یەکشەممە و وتەبێژەکەی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز