Accessibility links

پاکستان دەڵێت زانیاری لایە هیندستان لەم مانگەدا هێرشێکی نوێ دەکاتە سەر وڵاتەکە


وەزیری دەرەوەی پاکستان مەحمود قوڕەیشی
وەزیری دەرەوەی پاکستان مەحمود قوڕەیشی

وەزیری دەرەوەی پاکستان شا مەحمود قوڕەیشی وتی وڵاتەکەی " زانیاری هەواڵگری باوەڕپێکراوی لایە ئاماژە بەوە دەدەن هیندستان لەم مانگەدا هێرشێکی نوێ بۆ سەر پاکستان ئەنجام دەدات." ئەمەش دوای ئەوەی گرژییەکانی نێوانیان کەمتر بۆوە.

قوڕەیشی وتی هێرشەکە لەوانەیە لە نێوان 16 بۆ 20 ی مانگی چواردا ڕووبدات و پاکستان نیگەرانی خۆی دەربڕی بۆ پێنج وڵاتە ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

جێی ئاماژەیە لە 14 ی مانگی دوودا تەقینەوەیەکی خۆکوژی لەو بەشەی کشمیردا کە لەژێر دەسەڵاتی هیندستاندایە بووە هۆی کوژرانی بەلایەنی کەمەوە 40 سەربازی هیندی. لە 27ی مانگی دوودا هیندستان وەڵامی ئەو هێرشەی دایەوە و هێرشی کردە سەر بنکەیەکی سەربازیی سوپای محەمەد لە ناو پاکستاندا، سوپای محەمەد لە ناو پاکستاندا کاردەکەن و پێشتر بەرپرسیارێتی هێرشە خۆکوژییەکەی کشمیریان ڕاگەیاندبوو.

لە ڕۆژی دواتردا پاکستان فڕۆکەیەکی هیندی خستە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەی دەستبەسەر کرد و دواتر وەکو ئاماژەیەکی ئاشتی بۆ هیندستان فڕۆکەوانەکەی ئازاد کرد.

قوڕەیشی وتی " زانیاری هەواڵگری باوەڕپێکراومان لایە کە هیندستان پلان بۆ هێرشێکی نوێ دادەڕێژێت بۆ سەر پاکستان. بەپێی زانیارییەکانمان هێرشەکە لە نێوان 16 بۆ 20 ی مانگی چواردا ڕوودەدات."

بەڵام قوڕەیشی ئاماژەی بە هیچ بەڵگەیەک نەدا و هەروەها وردەکاری باس نەکرد لەسەر ئەوەی چۆن دەکرێت ئاوا بەدیاریکراوی کاتی هێرشەکە بزانن، بەڵام وتی سەرۆک وەزیری پاکستان عومران خان ڕازیبووە ئەم زانیارییە ئاشکرا بکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG