نوێنەری پاکستان لە ئەفغانستان وتی واپێشبینی دەکرێت بەمزووانە دانوستانەکانی ئاشتی لەنێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیباندا دەست پێبکەن، بەڵام ئازادکردنی پێنج هەزار زیندانی و کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان کۆتا بەربەستن لەبەردەم هەوڵەکانی ئاشتیدا.
پاکستان بە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەفغانستان دادەندرێت و لایەنێکی سەرەکی بووە لە گەیشتن بە ڕێکەوتنەکەی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان بۆ کشانەوەی هێزەکان لەو وڵاتەدا.
وابڕیاربوو ڕێکەوتنەکەی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان ببێتەهۆی ئەوەی بەزووترین کات دانوستانەکانی ئاشتی نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان دەست پێبکەن، بەڵام چەند جارێک دواخرا.
نوێنەری پاکستان لە ئەفغانستان زاهید نەسڕوڵاخان بە ڕۆیتەرزی وت گەشبینە بەوەی مانگی داهاتوو دانوستانەکان دەست پێبکەن لەکاتێکدا ئەگەر کۆتا بابەتەکانی نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان چارەسەربکرێن.
وتی " دوو شتە گرنگەکەی کە ماوەتەوە ئاستی توندوتیژییەکانە کە دەبێت کەمبکرێتەوە تاوەکو هەلومەرجێکی گونجاو دروست ببێت بۆ ئەنجامدانی دانوستانەکان، هەروەها ئازادکردنی ئەو 5 هەزار زیندانییەیە کە وابڕیارە ئازادبکرێن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز