Accessibility links

سەرۆک وەزیری پاکستان بە تۆمەتی گەندەڵی لە دەسەڵات لادەدرێت


سەرۆک وەزیری پاکستان دەستی لە پـۆستەکەی کێشایەوە پاش ئەوەی دادگای باڵای وڵاتەکەی بڕیاری دا کە بەهۆی گەندەڵیـیەوە شیاوی ئەو پـۆستە نیـیە.

دادوەر ئیجاز ئەفزەڵ خان ئەمڕۆ هەینی گوتی نەواز شەریف شایەنی ئەندامێتی پەرلەمان نیـیە و چیتر ناتوانێت لە پـۆستی سەرۆک وەزیردا بمێنێتەوە.

دادگاکە بڕیارەکەی دا لەسەر بنچینەی کۆمیتەیەکی لێکۆڵینەوە کە ڕایگەیاند بنەماڵەی نەواز شەریف نەیتوانی سەرچاوەی ئەو هەموو سەروەت و سامانە زۆرەی هەیانە ئاشکرای بکەن. میدیاکان لە ناو پاکستان دەڵێن لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی لەم بارەیەوە دەستپـێدەکات.

لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیارەکە لایەنەکانی ئۆپـۆزسیۆن لە ئیسلام ئاباد ڕژانە سەر جادەکان بۆ دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان، بەڵام لە شاری لاهوری باکوری ڕۆژهەڵاتی پاکستان لایەنگرانی نەواز شەریف کەوتنە سازکردنی خۆپـیشاندانی ناڕەزایی و گرتنی جادەکان و سووتاندنی تایە تیایاندا.

نەواز شەریف تەمەن 67 ساڵ چەندان جار ڕەتیکردووەتەوە سەرپـێچی یاسای کردبێت و دەڵێت لێکۆڵینەوەکان لایەنگیری پـێوە دیارە و نادوروستن.

هەروەها دادگاکە بڕیاری دا ئیسحاق دار وەزیری دارایی ئەویش شایەنی ئەو پـۆستە نیـیە. ناوبراو کۆمەڵێـک دۆکۆمێنتی بە دادگای باڵا دابوو سەبارەت بەوەی چۆن بنەماڵەی سەرۆک وەزیر سەروەت و سامانیان کۆکردووەتەوە لەوانە چەند موڵکێـک لە لەندەن.

خواجە سەعد ڕەفیق وەزیر لە حکومەتەکەی نەواز شەریف لەسەر تویتەری خۆی نووسیویەتی ئەمە دادپەروەری نیـیە، بەڵکو تۆڵەسەندنەوەیە، وە سیستەمی دیموکراسی پاکستان کراوەتە ئامانج.

لە ئێستادا چاوەڕوان‌دەکرێت پارتی موسلیم لیگی نەواز شەریف کە زۆرینەن لە پەرلەمان کەسێـکی دیکە بۆ پـۆستی سەرۆک وەزیر دەسـتنیشان بکەن.

XS
SM
MD
LG