Accessibility links

وەزیری بەرگری پاکستان لەسەر بنەمای هەواڵێـکی هەڵبەستراو هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوکی لە دژی ئیسرائیل دەکات


خواجە ئاسف وەزیری بەرگری پاکسـتان
خواجە ئاسف وەزیری بەرگری پاکسـتان

وەزیری بەرگری پاکستان بەهۆی هەواڵێـکی هەڵبەستراوەوە هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد چەکی ناوکی لە دژی ئەم وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنێت ئەگەر بێت و هێرشی ناوکی بکاتە سەر پاکستان.

خواجە ئاسف ئەمەی ڕاگەیاند لە پاش ئەوەی ماڵپەڕی AWD News هەواڵێـکی بێ بنەمای بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیبووی" وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت ئەگەر پاکستان بە بیانووی هەرچ پاساوێـک هێزی پـیادە بۆ سوریا ڕەوانە بکات، ئەوا ئەو وڵاتە بە هێرشێـکی ناوکی وێران دەکەین."

ئەم کاربەدەسـتە باڵایەی پاکستان لە تویتەرەکەی نووسیویەتی " وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی کردووە بە چەکی ناوکی وەڵام دەداتەوە ئەگەربێت و پاکستان لە سوریا ڕۆڵی لە دژی داعش هەبێت. ئیسرائیل لە بیریچۆتەوە پاکستانیش وڵاتێـکی ناوکیـیە."

وەزیری بەرگری پاکستان جگە لەوەی دڵنیا نەبووەتەوە لەوەی ئەم هەواڵە ڕاستە یان نا، بەر لەوەی کاردانەوەی هەبێت، بەڵکو سەرنجی ئەوەشی نەدابوو هەواڵەکە ناوی موشێ یەعالون وەزیری پـێشووی بەرگری ئیسرائیلی هێناوە، لە کاتێـکدا ئێستا ئاڤیگادۆر لیبەرمان وەزیری بەرگری ئیسرائیلە.

وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر ئەم نووسینەی وەزیری بەرگری پاکستان بڵاوکردەوە و دەڵێت ئەم هەواڵەی بڵاوکراوەتە گوایە وەزیری بەرگری لە بارەی پاکستانەوە وتوویەتی بە هیچ شێوەیەک ڕاست نیـیە.

سەرچاوە: فڕانس پـرێس

XS
SM
MD
LG