Accessibility links

پاکستان ڕێگە بە خێزانی سیخوڕێکی هیندی دەدات سەردانی کوڕەکەیان بکەن


دەسەڵاتدارانی پاکستان ڕێگەیان بە دایک و هاوسەری کولبەشەن یادۆڤ سیخوڕی هیندی داوە چاویان پێی بکەوێت، جەختیش لەوە دەکەنەوە ئەم هەنگاوەی ناویانە تەنیا لەبەر هۆکاری مرۆیـیە.

چاوپـێکەوتنەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بەڕێوەچوو، لە پاش ماوەیەکی کورد لە گەیشتنی خێزانەکەی یادۆڤ بۆ ئیسلام ئابادی پایتەخت. کاربەدەستان گوتیان یادۆڤ لە پشت پەنجەرەیەک و بە مایکرۆفۆن قسەی لەگەڵ دایکی و هاوسەری کردووە.

هەروەها ڕێگە بە کۆمسیاری باڵای هیندی درابوو یاوەری خێزانەکەی یادۆڤ بکات لە کاتی چاوپـێکەوتنەکەدا.

ڕێوشوێنی ئێجگار توندی ئاسایشی لە دەوروبەری وەزارەتەکە گیرابوونەبەر و لەگەڵیشیدا کاری تەلەفۆنەکانی مۆبایل لە ناوچەکە ڕاگیران، ئەمانەش بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە هەرچ هەوڵێک بۆ کاری تێکدەرانە.

​ئەمە یەکەم چاوپـێکەوتنی کولبەشەن یادۆڤ بوو لەگەڵ خێزانەکەی لەوەتای لە مانگی سێی ساڵی 2016 وە بە ناسنامە و پاسپـۆرتی ساختە لە هەرێمی بلوچستانی باشوری پاکستان دەسـتگیرکرا.

لە مانگی چواری ئەمساڵ دادگایەکی سەربازی پاکستان بە تۆمەتی کاری سیخوڕی و تێرۆرستی لە دژی وڵاتەکەیان سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەم سیخوڕە هیندیـیە دەرکرد کە پـێشتر ئەفسەری هێزی دەریایی هیندستان بووە.

کاربەدەستانی پاکستان دەڵێن یادۆڤ لە بەردەم دادگاکە دانی‌ناوە بەوەی دەزگای موخابەراتی هیندی ڕایسپاردبوو کاربکات بۆ "دانانی پـلان و هەماهەنگی و ڕێکخستن بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاکی سیخوڕی و تێرۆرستی و تێکدەرانە."

هیندستان لای خۆیەوە تۆمەتەکانی دژی کولبەشەن یادۆڤ ڕەتدەکاتەوە، دەڵێت ڕاستە ئەفسەری پـێشووی هێزی دەریایی بووە، بەڵام هیچ پەیوەندیـیەکی لەگەڵ حکومەتدا نەبووە.

کاربەدەستانی هیندستان لە مانگی پـێنجی ڕابردوو داوایان لە دادگای نێودەوەڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی یادۆڤ ڕابگرێت. دەڵێن لە میانەی ئەو دادگایی‌کردنەی، کە بە گوتەی خۆیان ناڕەوا بوو، بێ‌بەش کرابوو لە یارمەتی دیپـلۆماسی.

XS
SM
MD
LG