Accessibility links

هێزێـکی هاوبەشی ئەمەریکایی و ئەفغانی کوڕی سەرۆک وەزیری پـێشووی پاکستان ڕزگاردەکەن


کاربەدەسـتان دەڵێن لە ئۆپـەراسیۆنێـکی هاوبەشی نێوان هێزی تایبەتی ئەفغانی و ئەمەریکایی لە ئەفغانسـتان کوڕی یوسف ڕەزا گیلانی سەرۆک وەزیری پـێشووی پاکستان لە دەسـتی گروپێـکی سەر بە ئەلقاعیدە ڕزگارکرا.

لەشکری ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە کابول لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند لە هەڵمەتێـکی هاوبەشی دژە تێرۆردا بۆ سەر کۆمەڵە بینایەک لە ناوچەی گیان لە هەرێمی پاکتیکا لە نزیک سنووری پاکسـتان، عەلی حەیدەر گیلانی ئازادکرا. لە میانەی هەڵمەتەکە تەنیا 4 لە گروپی ڕفێندەران کوژراون.

وەزارەتی دەرەوەی پاکسـتانیش هەواڵەکەی ڕاگەیاند و گوتی لە باش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی پـزیشکی ڕەوانەی پاکسـتانی دەکەنەوە.

میدیاکانی ناو ئەفغانسـتان دەڵێن کوڕەکەی یوسف ڕەزا گیلانی بەرەو بنکەی ئاسمانی باگرام براوە و لەوێوە بەرەو پاکستان دەبرێتەوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە عەلی حەیدەر گیلانی لە 11 ی مانگی پـێنجی سـاڵی 2013 ڕفێندرا، کاتێـک لە بەردەمی ئۆفیسی پارتی گەلی پاکستان بوو لە شاری مولتانی هەرێمی پـەنجابی پاکستان، واتە دوو ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردنی گشتی وڵاتەکە.

لە کاتی ڕفاندنی سـکرتێری تایبەتی گیلانی و پاسەوانێـکی کوژران و هەروەها چەند کەسێـکیش برینداربوون. ساڵی ڕابردوو بە تەلەفون پەیوەندی بە خێزانەکەی کرد و گوتبووی تەندروستی باشە.

XS
SM
MD
LG