کۆمسیۆنی پاکسـتانی بۆ لێـکۆڵینه‌وه له هێرشی کۆماندۆکانی ئه‌مه‌ریکا که تیایدا ئوسامه بن لادنی ڕابه‌ری تۆڕی تێرۆرسـتی ئه‌لقاعیده کوژرا، ڕایگه‌یاند به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌وان ئه‌ندامانی خێزانی بن لادن ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵاتانی خۆیان.
له‌وه‌ته‌ی سـازدانی ئه‌و هێرشه‌وه له دووی مانگی پـێـنجی ڕابردووه‌وه سێ هاوسه‌ری بن لادن له‌گه‌ڵ چه‌ندان منداڵانیاندا له پاکسـتان به‌ندکراون.
له ڕابردوودا ده‌سه‌ڵاتدارانی پاکسـتان گوتبوویان هاوسه‌رانی بن لادن که یه‌کێـکیان هاوڵاتی یه‌مه‌نه و دووانیان هاوڵاتی سـعودیـیه‌ن ڕێـگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ وڵاته‌کانی خۆیان پـێـده‌درێت، به‌ڵام دره‌نگانێـکی ڕۆی سێشه‌ممه کۆمسیۆنی پاکسـتانی په‌یوه‌ست به‌و کاره ڕایگه‌یاند وه‌زاره‌تی ناوخۆی وڵات و ده‌زگای موخابه‌راتی ناوخۆیان ئاگادارکردووه‌ته‌وه که نابێت ئه‌ندامانی خانه‌واده‌ی بن لادن به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌وان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵاته‌کانیان.
له‌م ڕۆژانه‌ی دوایـیشـدا ده‌سه‌ڵاتدارانی پاکسـتانی گوتبوویان که ڕه‌نگه به‌م زووانه گه‌نجترین هاوسه‌ری بن لادن ڕه‌وانه‌ی یه‌مه‌ن بکرێته‌وه.
کۆمسیۆنی پاکسـتانی ڕاشیگه‌یاند بڕیاره لێـکۆڵینه‌وه‌یه‌کی بێ لایه‌ن و ڕاسـتگۆیانه سه‌باره‌ت به‌و هێرشه‌ی ئه‌مه‌ریکا سـازبده‌ن، به‌ڵام دامه‌زراوه‌ی له‌شـکری به‌هێز و ده‌زگاکانی زانیاری پاکسـتان ده‌سـتوه‌رده‌ده‌نه کاروباری زۆربه‌ی کۆمسیۆنه‌کانی پاکسـتانه‌وه.
کۆمسیۆنه‌که له لایه‌ن دادوه‌رێـکی دادگای باڵای پاکسـتانه‌وه سه‌رۆکایه‌تی ده‌کرێت و له پاش ناڕه‌زایی گشـتی خه‌ڵـکی پاکسـتان سه‌باره‌ت به‌و هێرشه‌ی ئه‌مه‌ریکا دامه‌زرا.