Accessibility links

لە هێرشێکی چەکداریدا 10 سەربازی پاکستان لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە کوژران


سوپای پاکستان وتی لە هێرشێکی گروپێکی چەکداریدا بۆ سەر بنکەیەکی ئاسایشی پاکستان لە هەرێمی بلوچستانی باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە لانی کەم 10 سەرباز کوژراون.

بەپێی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی سەر بە سوپای پاکستان، هێرشە " تیرۆریستیە " کوشندەکە ڕۆژی سێشەممە لە ناوچەی کێچ ڕوویداوە کە ناوچەیەکی دوورەدەستە و سنووری بە ئێرانەوەیە. وتیشی هێزەکانی ئاسایش لانی کەم چەکدارێکیان کوشتووە و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندارکردووە.

وتی " لەکاتێکدا وەڵامی تەقەی تیرۆریستان دراوەتەوە، 10 سەرباز شەهید بوون." ئاماژەشی بەوەدا " هێزەکانی ئاسایش سێ تیرۆریستیان لە ئەرکێکی پاککردنەوەی ناوچەکەدا دەستگیرکردووە."

گروپی یاخیبووی ئەو ناوچەیە کە ناسراون بە بەرەی ئازادی بلوچستان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند کە یەکێک بوو لە کوشندەترین هێرشەکان دژی هێزەکانی ئاسایشی پاکستان لەم مانگانەی دواییدا.

هەندێک لە ڕێکخراوە چەکدارییە جیاخوازەکانی بلوچ چالاکن لە بلوچستان و بەشێوەیەکی ڕۆتینی بەرپرسیارێتی هێرشەکان دژی هێزەکانی حکومەتی پاکستان ڕادەگەیەنن.

تاڵیبانی پاکستانیش کە بە تەهریکی تاڵیبان پاکستان ناسراوە لە هەرێمەکەدا بوونیان هەیە، کە بە هەمان شێوە سنوورەکەی بە ئێرانەوەیە. لەم ساڵانەی دواییشدا تیرۆریستانی ڕێکخراوی داعشیش بەرپرسیارێتی کۆمەڵێک هێرشیان دژی هێزەکانی پاکستان و هاوڵاتیانی مەدەنی بلوچستان ڕاگەیاندووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG