به‌رپرسانی پاکستانی ده‌ڵێن ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه کۆتایی به تۆمه‌تبارکردنه‌کان بهێنرێت و هه‌نگاو به‌ره‌وه پێش بنرێت له په‌یوه‌ندی هاوکاری له‌گه‌ڵ وڵاتی ئه‌فغانستانی هاوسێدا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌فغانی میلیتانه‌کانی بنکه له پاکستانیان به ئه‌نجامدانی هێرشێـکی کوشنده‌ی خۆکوژی تاوانبارکرد.
گوته‌بێژی ئۆفیسی ده‌ره‌وه‌ی پاکستانی"عه‌بدول باست" ئه‌مڕۆ به په‌یامنێرانی گوت تۆمه‌تبارکردنی پاکستان به تۆمه‌تی بێ بنچینه، ئه‌و کاره کێشه ده‌خولقێنێت و ناوبراو گوتیشی که ئیسلام ئاباد ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی گه‌ره‌که که دوور بێت له تاوانبارکردن.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه ئه‌م گوته‌یه‌ی عه‌بدول باستی وته‌بێژی ئۆفیسی ده‌ره‌وه‌ی پاکستان، به رۆژێک دوای ئه‌وه بوو که حامید کارزایی سه‌رۆکی ئه‌فغانی په‌یمانی دا به‌ره‌نگاری پاکستان بێته‌وه به‌هۆی ئه‌و هێرشه خۆکوژیه‌ی دوێنێی کابول که تیایدا موسڵمانانی شیعه ئاینزا کرانه ئامانج و 55 که‌سی تیایدا گیانیان له ده‌ست دا.
سه‌رۆکی ئه‌فغانی ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه‌ی خسته ئه‌ستۆی گروپی ناسراو به له‌شکری جیهانگیی ، که کۆمه‌له‌یه‌کی سووننه‌ی توندڕه‌ون و په‌یوه‌ندیـیان به تۆڕی ئه‌لقاعیده‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ی که به‌رپرسیاره له ئه‌نجامدانی چه‌ندان هێرش له دژی شیعه‌کان له پاکستان.
ئه‌وه‌ی جێی ئاماژه‌یه، ده‌سه‌ڵاتدارانی پاکستانی بۆ چه‌ندان ساڵه راوه‌دوی ئه‌م گروپه ده‌نێت. دوێنێ "ره‌حمان مالیک " وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پاکستان به‌ڵێنی دا که کاردانه‌وه له‌مه‌ڕ هێرشه‌که‌ی له ئه‌فغانستان ئه‌نجامدرا بدات، به‌و مه‌رجه‌ی حکومه‌تی ئه‌فغانی به‌ڵگه پـێشکه‌ش به پاکستان بکه‌ن وتیایدا تێوه‌گلانی گروپی له‌شکری جیهانگیی له هێرشه‌دا بسه‌لمێنێت. هاوکات به‌ڕێز ره‌حمان مالیک هوشیاری له دژی تاوانبارکردنی بێ بنه‌ماشی دا.